ئێران باڵیۆزێکی نوێی بۆ سووریا دەست نیشان کرد

باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق
باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق

ئێران باڵیۆزێکی نوێی بۆ سووریا دەستنیشان کردووە، چونکە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئێران باڵیۆزی خۆی لە دیمەشق کشاندەوە و باڵیۆزخانەکەشی داخستبوو. 

لە نامەیەکدا کە ئیمزای عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی لەسەرە، هاتووە "محەممەد ڕەزا ڕەئوف شەیبانی، بە باڵیۆزی نوێی ئێران لە سووریا دانراوە."

 عێراقچی لە نامەکەیدا دەڵێت: "تۆ دیپلۆماتکارێکی دیار و بەئەزموونیت لە وەزارەتی دەرەوە، بۆیە بڕیار دراوە تۆ، بە نوێنەری تایبەتیی من بۆ کاروباری سووریا دەستنیشان بکرێیت."

ئاماژەی بەوەش کردووە "سووریا وڵاتێکی گرنگی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیایە، ئێران هەستی بەوە کردووە کە گرنگیی سەقامگیری و ئارامیی سووریا، کاریگەریی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە هەیە. بۆیە جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکاتەوە و ڕێز لە ئیرادەی گەلەکەی و مافی چارەی خۆنووسینیان، بەبێ دەستێوەردان و ئامادەبوونی بیانی دەگرێت."

عەباس عێراقچی باسی لەوەش کردووە "بڕیار لەسەر داهاتووی سووریا، لە ئەستۆی گەلی سووریادایە، هەروەها ئێران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەر سیستەمێکی حوکمڕان کە بەخواست و ئیرادەی گەلی سووریا بێت، بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ڕێک دەخات."

لە نامەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە تەنیا بە هاوکاری و لێکگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وڵاتەکاندا بەدی دێت." هەروەها "سیاسەتی ئێران لەسەر بنەمای پاراستن و پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەیە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ و ئیسلامی، بە گوێرەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی."

ئێران، دیارترین لایەنگری ناوچەیی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریا بوو، پێش ئەوەی لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، سووریا بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.