هەواڵگریی سیئۆل: زیاتر لە سێ هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە ڕووسیا کوژراو و بریندار بوونە

دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، کۆریای باشوور ڕایگەیاند، هەزاران سەربازی کۆریای باکوور لە شەڕی ئۆکرانیا کوژراو و بریندار بوونە.
بەپێی ئاژانس فرانس پرێس، پەرلەمانتاری کۆریای باشوور، لی سیونگ کوان، دوای کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی دەزگای سیخوڕیی وڵاتەکەی، گوتی: "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکان ژمارەی قوربانییەکانی هێزەکانی کۆریای باکوور، سێ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، کە نزیکەی 300 سەرباز کوژراون و 2700 سەربازیش بریندار بوونە."
سیونگ کوان، ئاماژەی بەوە کردووە، کۆریای باکوور بە سەربازەکانی بەشدار لە شەڕی دژ بە ئۆکرانیای گوتووە "پێش ئەوەی دەستگیر بکرێن، خۆتان بکوژن."
دوێنێ یەکشەممە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند "کیێڤ ئامادەیە سەربازانی کۆریای باکوور ڕادەستی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی وڵاتەکە بکاتەوە، ئەگەر بتوانێت پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ دەستگیرکراوانی ئۆکراینی لە ڕووسیا ڕێک بخات."
زێلێنسکی لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' ڕایگەیاند "یەکەم جارە دوو سەربازی کۆریای باکوور لە لایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە دەستگیر دەکرێن، بێگومان زیاتریش دەستگیر دەکرێن، دەستگیرکردنی ئەوانە تەنها پێویستی بە کاتە."
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، زێلێنسکی ڕایگەیاند "دوو سەربازی کۆریای باکوور لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا بە دیل گیراون." ئەمەش یەکەم جارە ئۆکرانیا دەستگیرکردنی سەربازانی کۆریای باکوور ڕابگەیەنێت لە دوای بەشداریکردنیان لە شەڕەکەدا.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا، نزیکەی 11 هەزار سەربازی کۆریای باکوور ، بۆ پشتیوانیی لە هێزەکانی ڕووسیا، لەو شەڕەدا کە نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە، لە شاری کورسک جێگیر کراون.