1000فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێ ڕادەستی سوپای ئێران کرا

ئەمڕۆ دووشەممە، 13 ی کانوونی دووەمی 2025،  ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ـی ئێرانی بڵاوی کردەوە،  1000 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نوێ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە ڕادەستی سوپای ئێران کراوە،  لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل وئەمەریکای سەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئامادە دەکات.

ئاژانسی تەسنیم، ئاماژەی بەوەش کردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە نوێیەکان گەیاندراونەتە چەند شوێنێک لە سەرانسەری ئێران، کە دەگوترێت توانای دزەکردن و بەزاندنی ڕادارەکانیان هەیە.

ئاژانسەکە، ئەوەشی ئاشکرا کردووە "تایبەتمەندییە ناوازەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان بریتین لە: فڕین بە مەودای زیاتر لە 2000 کیلۆمەتر، توانای وێرانکردنی شوێنی دیاری کراو و تێپەڕاندنی بەرگرییە دژە ئاسمانییەکان"

هەر بەگوێرەی ئاژانسەکە "ئەمە نەک تەنها توانای سیخوڕی و چاودێریی سنوورەکان زیاد دەکات، بەڵکو توانای شەڕکردنی کەشتییە جەنگییەکانیش زیاد دەکات بەوەی ئامانجە دوورەکان دەپێکێت."