پەرلەمانی عێراق جارێکی تر تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی درێژ کردەوە

دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ دوو ساڵ درێژ کردەوە.

بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "ئەنجوومەنی نوێنەران لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا، دەنگی دا بە درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەی دوو ساڵ."

ئاماژەی بەوەش کردووە "ئەنجوومەن دەنگی دا بە زیادکردنی بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کارەکەی (یاسای پێشنیازکراوی هەموارکردنی یەکەم بۆ یاسای پاسپۆرت ژمارە 32ـی ساڵی 2015)."

بڕیار بوو دوێنێ یەکشەممە، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر شەش پرۆژە یاسا کۆبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دواخرا.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممە، بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دواخرا، هاوکات ئاماژەیان بەوەش درا، هەندێک لایەن بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەیان بەدڵ نەبوو بۆیە ئامادەنەبوونە بەشداریی لە کۆبوونەوەکە بکەن.