دایک و باوکان چیتر پێویست ناکات بچنە قوتابخانە

وەزارەتی پەروەردە ئەپڵیکەیشنی نوێی داناوە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای دروستکردنی ئەپڵیکەیشنی نوێوە، هەڵسەنگاندنی قوتابییان بۆ دایک و باوکان دەنێرێت.

دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی": دروستکردنی ئەم ئەپڵیکەیشنە ئاسانکاری زۆر بۆ کەسوکاری قوتابی دەکات، چونکە بەردەوام ئاگاداری ڕەوشی منداڵەکەی دەبێت، لەڕووی خوێندن، تەندروستی، پەروەردە، تەنانەت لە هەر وانەیەک نمرەی کەم بێت یان هەر کێشەیەکی دیکەی هەبێت، ڕاستەخۆ لەڕێگای ئەم ئەپەوە، هەموو زانیارییەکی پێویست دەزانێت".

سامان سیوەیلی گوتیشی: چیتر پێویست ناکات، بەخێوکاری قوتابی بۆ هەڵسەنگاندنی منداڵەکەی سەردانی قوتابخانە بکات، هاوكات ئه‌م ئه‌په‌ ئاسانکاری بۆ مامۆستایانیش دەکات.

ئەمڕۆ، دووشه‌ممه‌ وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، بە نووسراوی فەرمی داوا لە سەرجەم بەڕێوەبەراتییە گشتییەکان کراوە، لە وەرزی دووەمی خوێندن، ئەپڵیکەیشنی، ئی_هەڵسەنگاندن، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.