خوێندنی باڵا: پرۆسەى شوێن گۆڕین بۆ خوێندکارانى کەرکووک کارا کرا

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، دوو ئاگاداریی گرنگی بۆ دەرچووانی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە کۆی 1305 خوێندکار کە ناویان گەڕاوەتەوە، 878 دەرچوویان وەرگیراون و 427 دەرچووی دیکەش بەهۆی هەڵە لە پڕکردنەوەی فۆڕمدا، دەتوانن لە ئەمڕۆوە تا پێنجشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە رێگەی سیستمی زانکۆلاینەوە بەشێکی دیکە هەڵبژێرن کە لەگەڵ کۆنمرەکانیان گونجاو بێت.

هاوکات لە ئاگادارییەکی دیکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی جەختیکردەوە، لە یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، تا پێنجشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، پرۆسەی شوێنگۆڕین لەنێوان بەش و کۆلێژەکان لە رێگەی سیستمی زانکۆلاین کارا دەبێت. دەرچووان دەتوانن ئەو شوێنە هەڵبژێرن کە کۆنمرەکانیان لەگەڵ وەرگیرانیان لەو بەشانەدا دەگونجێت.

دەرچووان دەتوانن بۆ پرۆسەی شوێنگۆڕین و هەڵبژاردنی بەش، سەردانی ئەم لینکە بکەن.