شۆفێر و سەرنشینێک کەوتنە نێو ڕووبارە

بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە دوو خوشک لە نزیک پردی حافیز، کەوتنە نێو ڕووبارەوە.

دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، کاروان عەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی سۆران، تایبەت بە ماڵپه‌ڕی کوردستان24 گوتی: "کاتژمێر 4:37ـی ئەمڕۆ  لە ڕووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک پردی حافیز ئاگادار کراینەوە، شۆفیرێکی ئافرەت و خوشکێکی بەیه‌کەوە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ چۆمان، کۆنترۆڵیان لەدەست داوە و کەوتوونه‌تە نێو ڕووبارەوە و پاشان بە هاوکاری تیمەکانی هاتووچۆ و فریاکەوتنی تەندروستی، دوای یەک کاتژمێر، توانیمان ئۆتومبیلەکە له‌ ڕووباره‌كه‌ ده‌ربهێنین."

کاروانی عەلی باسی لەوەش کرد، پێنج تیمی بەرگریی شارستانیی بۆ فریاكه‌وتنیان ئامادە بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردستان24، هەردوو خوشکەک ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی کراون لە سۆران، بەڵام دۆخی تەندروستی یەکێکیان جێگیر نییە و لە نەخۆشخانەی ئاشتییەوە ڕەوانەی هەولێر کراوە.