قایمقامی هەولێر: نزیکەی 50 پاڵاوگەی نایاسایی هەڵگیراون

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاشکرای دەکات، دوای بڕیارەکانی ڕۆژی یەکشەممە، 12-01-2025ـی  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک، هەوڵەکانی هێز و لایەنە پەیوەندیدارەکان چر بوونەتەوە بۆ پارێزگاریی کردن لە ژینگەی هەولێر و گرتنەبەری ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر ئەوانەی دەبنە هۆکاریی پیسبوونی ژینگە.

دووشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرسی پاڵاوگەکان، خاڵی گرنگی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و دوای ئەویش،  پارێزگای هەولێر بوو بۆ گرتنە بەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەر ئەوانەی دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران، لێژنەیەک لە قایمقامیەت و ئاسایش و ژینگە و پۆلیس و ناحیەی گوێڕ پێکهات و دەستیان بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کرد.

قایمقامی هەولێر ڕایگەیاند: نزیکەی 50 پاڵاوگەی نایاسایی تا ئێستا هەڵگرتووە  لەبەر ئەوەی پەرژینیان نییە، 25 کەسیش بەتۆمەتی پیسکردنی ژینگە تا ئێستا دەستگیرکراون و دراونەتە دادگا.

نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت: ئەوانەی دەیانەوێت کاری پاڵاوگە بکەن، پێویستە مۆڵەتی سامانە سروشتییەکانیان هەبێت، ئەوەی مۆڵەتی  نەبێت، پاڵاوگەکانیان پێ هەڵدەگرین و بەردەوامیش بەدواداچوون بۆ پاڵاوگەکانی دیکە دەکەین.

قایمقامی هەولێر ئاشکرای کرد، ڕێژەی سەوزایی لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کە هەڵمەتی دارچاندنی زۆری بۆ کراوە زیادبووە و زیاتر گرنگی پێدەدرێت، دەڵێت: ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر گەیشتووەتە سەدا 20، سەرباری ئەوەی لەسەر کارگەکان کراوە ڕێژەی سەوزایی بپارێزن.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کارگانەی بە سووتەمەنی ئۆتۆمبێل کاردەکەن، دەبێت ڕەزامەندی ژینگە و سامانە سروشتییەکانیان هەبێت و پابەند بن بە ڕێنماییە ژینگەییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، چەندین ئۆتۆمبێل دەستی بەسەرداگیراوە بەهۆی ئەوەی دووکەڵ دەکەن و ژینگە پیس دەکەن، دەشڵێت: سێ هێلی گەرم بڵاو کراونەتەوە،  هاووڵاتییان دەتوانن لەڕێگەی ئەو هێلانەوە ئاگەداری لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەنەوە بۆ لێپرسینەوە لەو شوێنانەی ژینگە پیس دەکەن، بەتایبەتیش موەلیدەی کارەبای گەڕەکەکان، داواش لە هاووڵاتییان دەکات لەهەر حاڵەتێک ئاگەداریان بکەنەوە.