بەریتانیا لەگەڵ عێراق دۆسیەی گەڕانەوەی پەنابەران دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ گەیشتنی بۆ لەندەن ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیجی لەگەڵ بەریتانیا ئیمزا دەکات، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە.
ئێوارەی دووشەممە، 13 ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەریتانیا. لە دوای گەیشتنی، سوودانی ڕایگەیاند "ڕێککەوتنێکی هاوبەشی ستراتیجی لەگەڵ بەریتانیا ئیمزا دەکات، ڕێککەوتنەکە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا."
هەروەها باسی لە دیدارەکانی لەگەڵ کیر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و شا چارڵزی سێیەم کرد، ئەمە جگە لە دیدارەکانی لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا گەورەکانی بەریتانیا.
سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پایتەختی بەریتانیا سێ ڕۆژ دەخایەنێت و گفتوگۆ لەسەر دۆسیە ئابووری و ئەمنییەکان دەکات.
ئامانجی کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کاتێک ئەمڕۆ سێشەممە، لە داونینگ ستریت بەخێرهاتنی هاوتا عێراقییەکەی دەکات، دەستپێکردنی دانوستانەکانە لەسەر ڕێککەوتنی گەڕاندنەوەی پەنابەرانە.
بلومبێرگ بڵاوی کردەوە "ستارمەر، پرسی کەمکردنەوەی پەنابەران لە بەریتانیا کردووەتە یەکێک لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی." هەروەها هەوڵ دەدات مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی هەزاران عێراقی کە ساڵانە دەگەنە ئەو وڵاتە، چارە بکات.
نزیکەی 16 هەزار و 499 عێراقی لە نێوان مانگی یەکی ساڵی 2020 تا ئەیلوولی 2024 بە بەلەمی بچووک بە کەناڵی ئینگلیزیدا گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەوەش دەکاتە 12%ی سەرجەم کۆچبەران لەو ماوەیەدا.