نەورەسەکانی دەریاچەی دوکان تەندروستن

مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوو، بەهۆی نەخۆشیی ئەنفلۆوەنزای باڵندەوە هەزاران نەورەسی دەریاچەی دووکان مرداربوونەوە، بەڵام ئێستا تەندروستن و جووجەڵەی نوێیان هەڵهێناوە.
سێشەممە، 14کانوونی دووەمی 2025، عەمید شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیس و دارستانی ژینگەی ڕاپەرین، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت : "دوای پاکژکردنەوەی شوێنەکانیان و گرتنەبەری چەندین ڕێککاری تەندروستی و ژینگەیی، نەورەسەکان تەندروستن و جووجەڵەی نوێیان هەڵهێناوە. ئێستە هەزاران نەورەس و مراوی و باڵندەی دیکە، لە دەریاچەکەدا هەن."
شۆڕش کاکە گوتیشی: "هاوڵاتییان و گەشتیاران بە ئاسایی دەتوانن سەردانی ئەو شوێنانە بکەن و هیچ گرفتێک بۆ ئەوە نییە."
نەورەس، باڵندەیەكی ئاوییە، چەند جۆری هەیە، لە هەرێمی كوردستان شەش جۆری زۆر بەناوبانگە. ڕەنگی نەورەس سپییە و سەرباڵی بۆرە و دەنووكێكی نیمچە پانی هەیە.
دورگە و دۆڵەکانى دەریاچەى دوکان بە نیشتمانى نەورەسەکان ناسراوە و هەزاران نەورەس لەو سنوورە دەژین و وێنایەکى جوانیان بە سنوورەکە بەخشیووە. لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووى کارەساتێکى ژینگەیى بوونەوە و هەزارانیان مرداربوونەوە.