ئاسایشی ئەمەریکا: لەوانەیە زنجیرەیەک ھێرش لەنێوخۆی وڵاتەکەماندا بکرێن

دەسەڵاتدارانی ئاسایشی ئەمەریکا ھۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەری ھەیە لە ناوخۆی وڵاتدا زنجیرەیەک ھێرش، وەک ھێرشەکەی شاری نیوئۆرلیانز، بکرێن.

نووسینگەی فیدراڵی و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا بە ھاوبەشی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە و ھۆشداری ئەوەیان داوە "ئەگەری ھەیە زنجیرەیەک ھێرش وەک ھێرشەکەی شاری نیوئۆرلیانز، لەلایەن کەسانی توندڕەوەوە بکرێن و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین، ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی خۆیان بگرنەبەر و ھەر چالاکییەکی گوماناویان بینی، بەپەلە پۆلیس ئاگادار بکەنەوە."

نووسینگەی فیدراڵی و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئاماژەیان بەوەش کردووە "ئەگەری ھەیە لە میانی ھێرشەکاندا، پەلاماری دامەزراوەکان و ھێزەکانی پۆلس و سوپا و شوێنە گشتییەکان بدرێن." ئەوەش خراوەتە ڕوو هێرشکاران، ھەوڵ دەدەن بۆمب لەنێو ئۆتومبیلەکاندا دابنێن."

ئەمە لە کاتێکدایە، لە یەکەم ڕۆژی سەری ساڵی 2025، ڕووداوێکی شێلان بە ئۆتۆمبیل لە شاری نیوئۆرلیانز باشووری ڕۆژھەڵاتی ویلایەتی لویزیانای ئەمەریکا ڕووی دا و بەھۆیەوە 15 کەس کوژراون و 35ی دیکەش بریندار بوون.