بەغدا خۆی لە جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان دەدزێتەوە
حکوومەتی عێراق خۆی لە جێبەجێکردنی ماددە دەستورییەکان دەدزێتەوە و بەو هۆیەشەوە چارەنووسی ناوچەکانی ماددەی 140 بەنادیاریی ماونەتەوە.
کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی 140 لە دەستوری عێراق وەک ناوچەی جێناکۆک دیاریکراون و تاوەکوو یەکلاییکردنەوەی چارەنووسیان، دەبێت هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی بەڕێوەی ببەن، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی سەپاندنی هێزەوە ویست و ئیرادەی خەڵکی ئەم ناوچانەی پێشێل کردووە و بە شێوەیەکی تاکڕەوانە مامەڵە دەکات.
تاریق کارێزی، نووسەر بە کوردستان24ـی گوت: "بە پێی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، دەبووایە لە کۆتایی ساڵی 2007 دۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی بکرێنەوە، سەرژمێریی و دواتریش ڕاپرسیان لێ بکرێت، تاوەکوو چارەنووسی ئەم ناوچانە یەکلا بکرێتەوە."
ئەو نووسەرە باسی لەوەش کرد "بەپێی دەستوور، تاوەکوو جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە، پێویستە دۆسییەی بەڕێوەبردنی نەوتیش بە هاوبەشی لە نێوان هەولێر و بەغدا بەڕێوە ببرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق پابەند نییە و نەوت و ئابووری وەکوو چەکێک بۆ لاوازکردنی کورد بەکار دەهێنێت."
سیروان مستەفا، شارەزای بواری نەوت و گاز بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بڕینی بودجە و مووچەوە دۆسییە گرنگە چارەنووسسازەکانی دیکە و کێشەی خاک لە بیری خەڵکی کوردستان بباتەوە."
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی هەمیشە ویستوویەتی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە ئاشتییانە و لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکات، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی هەمیشە خۆی لە چارەکردنی کێشەکان دزیوەتەوە.
ڕاگەیەندراوی ئەم دواییەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش سەبارەت بەم ناوچانە، پێدەچێت دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بێت لە هەڵوێستەکان و پەیامێکیش بێت بۆ حکوومەتی عێراق کە کورد سازش لە مافەدەستوورییەکانی ناکات.