نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕۆژئاوای کوردستان تووشی قەیرانی ئاو بووە

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە قەیرانی ئاو لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت: ''ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکان لە کەمپ و گوندەکان بەهۆی شەڕەوە بێئاو بوونە"

ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند ''بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانی حەلەب و دەوروبەری، بەنداوی تشرین، نزیک 35 ڕۆژە ئاو و کارەبا بەرهەم ناهێنێت، ئەمەش وای کردووە 403 هەزار کەس لە منبج و کۆبانێ بێئاو بن.

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی: "بەهۆی کەمیی سەرچاوەی ئاو، بەشێکی زۆر لە گوندەکانی سەر بە دێرەزوور  قەیرانی ئاویان هەیە."

هەروەها ستیفان دوجاریک ئاماژەشی دا: "ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لە کەمپی هۆڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڤاکسینیان لە منداڵان داوە، نوێنەرەکانمان لەوێ بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە، هێشتا مەترسی ئاسایش لەوێ هەستی پێ دەکرێت."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment