ماکرۆن هەینی داهاتوو سەردانی لوبنان دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

سەرۆکی فەرەنسا، ڕۆژی هەینی سەردانی لوبنان دەکات، ئەمەش دەبێتە یەکەم سەردانی ماکرۆن، دوای دەستبەکاربوونی جۆزیف عۆن وەک سەرۆک کۆماری لوبنان.

سێشممە 14ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکایەتیی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، جۆزیف عۆن، لەگەڵ هێرڤی ماگرۆ، باڵیۆزی فەرەنسا لە لوبنان، تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان کردووە تایبەت بە بابەتی سەردانی سەرۆکی فەرەنسا بۆ وڵاتەکە، کە بڕیارە هەینی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی 10ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە جۆزێڤ عۆن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی لوبنان کرد.

ماکرۆن، لەو پەیوەندییەدا پشتیوانی فەرەنسای بۆ لوبنان و هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار بۆ پێکهێنانی حکوومەت و یەکخستنی لوبنان دووپات کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی کانوونی دووەمی 2025، جۆزێف عۆن، فەرماندەی باڵای سەربازیی سووپای لوبنان، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، بووە 14مین سەرۆک کۆماری لوبنان.