ساڵێک بەسەر شەهیدکردنی پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی تێدەپەڕێت

نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەند مووشەکێکی بالیستی هێرشکرایە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی کە بازرگانێکی شاری هەولێر بوو، دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
لەڕۆژی سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە سەر هەولێری کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە "بێ پاساو و نامەردانە" ناوبرد و گوتی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان سپارد. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: "هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە".
سەرۆک وەزیران جەختیشی کردەوە، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، بە شێوەیەکی ئاشتییانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پەرە پێ بدەین، بەڵام ئەم هێرشانە بەداخەوە کە زۆر زۆر بێ هۆکارن".
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
دوای هێرشەکە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو، "کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد."
وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ درابوو، بەهۆی هێرشەکەوە، "چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق
مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر کرد و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد"یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە هێرشانەی بهێندرێن، کە دەکرێنە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان". جەختیشی کردەوە، ڕێگەمان بدەن ئێمە بە ئاشتی و ئازادی لە وڵاتەکەی خۆمان بتوانین بژین".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومهتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بێدەنگی هەموولایەک لە ناوخۆ و نێودەوڵەتی وایکردووە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران دووبارە ببنەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق
ههروهها قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران، کە ئەو کات سەردانی ماڵە مووشەکباران کراوەکەی پێشڕەو دزەیی کردبوو، تایبەت بۆ کوردستان24 گوتی: ئاشكرایە و بۆمان ڕوون بووەتەوە ئەم خانووەی مووشەکباران کراوە ماڵی بازرگانێکی مەدەنییە، نەک بنکەی موسادی ئیسرائیل.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
لهلایهن خۆشییهوه یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان له پهیامێكدا ئیدانەی هێرشە مووشەکییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر كرد و ڕایگهیاند، خەڵکی کوردستان ئاشتی دەوێت، نەک درۆن و مووشەک.
گێڕانەوەی ڕووداوەکە لەزاری هاوسەری شەهید پێشڕەو دزەیی
هانا جووتیار، هاوسەری شەهید پێشڕەو دزەیی وردەکاریی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ماڵەکەیانی گێڕایەوە و گوتی: کچ و کوڕەکەم لە ژووری خۆیان بوون، شەهید پێشڕەو و میوانەکەی لە نهۆمی خوارەوە دانیشتبوون و هەر ئەوەندەمان زانی بە مووشەک هێرشمانکرایە سەر.
ئاماژهی بهوەش كرد، ئهوان له ماڵهكهیاندا كه ماڵی ههمیشهییانه له ههولێر له پشووی ئاسایی ڕۆژانهی خۆیاندا بوون و كهرهم میخائیل میوانی شههید پێشڕهو بوو و بهیهكهوه له نهۆمی خوارهوهی ماڵهكهیاندا دانیشتبوون كاتێك هێرشهكهیان كراوهته سهر.
هاوسهری شههید پێشڕهو باسی لهوهش كردووه، كاتێك شههید پێشڕهو و ڕۆژی كوڕی و كهرهم میخائیل له نهۆمی خوارهوه نانیان دهخوارد، ئهو به خزمهتگوزارهكانی گوتووه یهك یهك بڕۆنه خوارهوه بۆ ئهوهی نان بخۆن، دواتر یهكێكیانی ڕاسپاردووه له خوارهوه له نزیك شههید پێشڕهو و میوانهكهی بمێنێتهوه لهبهر بوونی ههر پێویستییهك.
ڕوونیشیكردووهتهوه، لهناو ئهو كهشه ئاساییهی ماڵهكهیاندا بوون، له پڕ بینیویهتی بنمیچ (سقف)ـی ماڵهكهیان كهوتووه و ههر ئهو كات كه بنمیچهكه به تهواوهتی كهوتووه، گوێبیستی دهنگی قورئانی پیرۆز بووه و شایهتمانی هێناوه.
سهرنجی بۆ ئهوهش راكێشاوه، كه ئهو رۆژه رۆژێكی زۆر ئاسایی بوو له كهشێكی خێزانی و میوانداریكردندا بوونه و هیچ كێشهیهكیان نهبووه، بهڵام هێرش كراوهته سهریان.