وەزیری دەرەوەی سووریا دەچێتە تورکیا و لەگەڵ سێ بەرپرسی باڵا کۆ دەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا سەردانی ئەنقەرە دەکات و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و دوو بەرپرسی دیکەی باڵای تورکیا کۆ دەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-01-2025، ئەسعەد حەسەن شیبانی، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریا، بە یاوەری مورههف ئهبو قهسره، وهزیری بهرگریی و شاندێکی باڵای حکوومەت، سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) تورکیا کۆ دەبێتەوە.
شهیبانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' لەبارەی سەردانەکە باسی لهوه كردووه "توركیا له 14 ساڵی ڕابردوودا ههرگیز گهلی سووریای به تهنیا بهجێ نههێشتووە."
ئەمە یەکەم سەردانی وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی نوێی سووریایە بۆ تورکیا و پێشتر سەردانی قەتەر، سعوودییە، ئیمارات و چەندان وڵاتی دیکەی ناوچەکەی کردووە. شیبانی لە سەردانەکانیدا جەختی کردووەتەوە، ئامانجیانە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ هەموو وڵاتان هەبێت.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە 08ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) سەردانی سووریایان کرد و لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا کۆ بوونەوە.
چاوەڕێ دەکرێت تەوەرێکی کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بێت لە ڕۆژئاوای کوردستان (باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا) بەوپێیەی لەوەتەی ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە، شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامییان هەیە، هەر چەندە جار بە جار بە نێوەندگیریی ئەمەریکا ئاگربەست لەنێوانیاندا ڕادەگەیەنرێت.