بیرەكانی ئاو بە ئەلیكترۆنی دەکرێن

بۆ یەكەم جارە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرەکانی ئاو بەکار دەهێندرێت.
چوارشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2025، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆیی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 ی گوت: "ئێستا زیاتر لە پێنج هەزار و 400، بیری ئاوی پاک لە هەرێمی كوردستان هەن و بەمەبەستی باشتر بەڕێوەبردن و كۆنترۆڵكردنی بیرەكان، یەكەم جارە لە عێراق و هەرێمی كوردستان سیستەمێكی پێشكەوتووی ئەلیكترۆنی بەكار دەهێنرێت، لە قۆناغی یەكەمدا ئەو سیستەمە بۆ 14 بیری ئاوی خواردنەوە لە هەولێر و سۆران و كۆیە بە سەرکەوتوبی، جێبەجێ كرا ."
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "شەش مانگ بۆ ئەم سیستەمە ڕاهێنان بە فەرمانبەران کراوە، ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ یەکەم جارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری ئاوی خواردنەوەدا بەکار دەهێنرێت کە پێک هاتووە لە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و مۆبایل و ئەپلیکەیشنێکی پێشکەوتوو و دەست دەگرێت بەسەر بۆردێکی زیرەک (IOT) و بەهۆیەوە دەتوانرێت کۆنترۆڵ و خوێندنەوەی داتای ئەو هەستەوەرانە بکرێت کە لەسەر بیرەکانی ئاودا دانراون."
وەک ئاری ئەحمەد باسیکرد، سوودێکی زۆر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو دەگەیەنێت، بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئامادەبوون و چاودێریی مرۆیی یان پاسەوان دەتوانرێت کۆنترۆڵی بەرێوەبردن و ئیشپێکردنی بیرەکان بکرێت، دوو کامیرای چاودێری و گشت داتاکان دەتوانرێت ڕیکۆرد بکرێت و هەڵبگیرێت و لە داهاتوودا وەک سەنتەرێکی داتا و زانیاری بۆ بیرەکان بەکاردێت و هەڵسەنگاندنی جۆراوجۆری لەسەر ئەنجام دەدرێت.
ئەم پڕۆژەیە دووساڵ پێش ئێستا پلانی بۆ داندراوە و لەلایەن ڕێکخراوی یۆنسێفەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.