ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 36 ملیۆن گەشتیار چوونەتە ژاپۆن

ساڵی ڕابردوو ژاپۆن پێشوازی لە 36.8 ملیۆن گەشتیاری بیانی کردووە کە زۆرترین ژمارەی گەشتیارانە لە مێژووی وڵاتەکەدا.
چوارشەممە، 15-01-2025، ڕێکخراوی گەشتیاری نیشتمانیی ژاپۆن ڕایگەیاند، ساڵی 2024 وڵاتەکەیان پێشوازی لە 36.8 ملیۆن گەشتیاری بیانی کردووە و ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە؛ بەو پێیەی زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی لە ساڵی 2019 تۆمار کراوە کە 32 ملیۆن گەشتیار بوون.
ژمارەی گەشتیارانی ژاپۆن لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2020، پێنج هێندە زیادی کردبوو، بەڵام دوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ژمارەکە ڕووی لە دابەزین کرد. ئەو ژمارەیەی ساڵی ڕابردووش تۆمار کراوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی وڵاتەکە ئامادەکاریی باشی بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری کردووە دوای نەمانی پەتاکە.
بە گوێرەی ڕێکخراوی گەشتیاری نیشتمانیی ژاپۆن، هۆی سەرەکیی زیادبوونی ژمارەی گەشتیارانی ئەو وڵاتە، بۆ پلانی حکوومەت دەگەڕێتەوە کە هەوڵی داوە لە ڕێگەی ڕازاندنەوە و جوانترکردنی دیمەنەکانی چیای فوجی، بایەخدان بە پەرستگە ئایینیەکان، ڕازاندنەوەی شارەکان، پەرەدان بە یاریی و ڤیدیۆییە سێ ڕەهەندییەکان (3D) سەرنجی گەشتیاران ڕابکێشێت.
یەکێکی دیکە لەو هۆیانەی وایکردووە ژمارەی سەردانیکەران بۆ ژاپۆن زیاد بکات، دابەزینی بەهای دراوی سەرەکیی ئەو وڵاتەیە، چونکە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا یەنی ژاپۆنی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی دابەزیوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە ببێتە شوێنێکی هەرزان بۆ گەشتیاران.
حکوومەتی ژاپۆن پلانێکی گەورەی ئامادە کردووە و دەیەوێت تاوەکوو ساڵی 2030، ساڵانە پێشوازی لە زیاتر لە 60 ملیۆن گەشتیاری بیانی بکات و لە ماوەی کەمتر لە 10 ساڵدا ژمارەی گەشتیارانی بیانی دوو هێندە زیاد بکات.