سێ تووشبووی کۆرۆنا لە رانیە چیرۆکی خۆیان بۆ کوردستان24 دەگێڕنەوە

ژنێک بە تەنگەنەفەسییەوە قسە دەکات و دەڵێ منیش سەرەتا گاڵتەم پێدەهات

 

K24- رانیە

بەشێکی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان پڕ بوون لە تووشبووانی کۆرۆنا، کەچی هێشتا خەڵکانێک پێیان وایە کۆرۆنا نییە و خۆیان ناپارێزن، لە سێ تووشبووی کۆرۆناش لە رانیە کە چیرۆکەکانیان بۆ کوردستان 24 دەگێڕنەوە، دووانیان دەڵێن باوەڕیان بە کۆرۆنا نەبووە.

لەنێو ئەو نەخۆشانەی لە رانیە چارەسەر وەردەگرن بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنا، ستافی پزیشکی و تەندروستی هەن.

موزەفەر، پسپۆڕی بایۆلۆجیە و لەهەڵمەتی رووبەڕووبونەوی ڤایرۆسەکە بەشدار بووه، بەڵام ئێستا دووچاری ڤایرۆسەکە بووە و تکای خۆپارێزیش لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێ بەو پڕوپاگەندانە باوەڕمەکەن کە دەڵێن کۆرۆنا نییه.

هەندێ تووشبووی کۆرۆنا تەندروستییان ناجیگیرە، تەنگەنەفەسی و ئازاری ماسولکەکان ئۆقرەی لێ بڕیون.

تووشبوویەکی کۆرۆنا لە رانیە کە نایەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێ "هەست بە ماندووبوون دەکەم. ناتوانم هەڵسمە سەر پێیەکانم، یەکسەر تەنگەنەفەس دەبم، ئەوەش بێهێزی کردووم".

تووشبوویەکی دیکە کە ژنێکە و لەڕێگەی ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە هەناسە دەدات، دەڵێ "ئەمڕۆ 14 رۆژە نەخۆشم. بەخوا کۆرۆنا گاڵتە نییە، زۆریش هەیە. من زۆر خراپ بووم. منیش سەرەتا گاڵتەم بە کۆرۆنا دەهات، بەڵام گاڵتە نییە و خۆتان بپارێزن".

حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا زۆر هەڵکشاون، تیمەکان ناتوانن وەک رابردوو پشکنین بۆ گومانلێکراوان بکەن.

لەتەنها دوو هەفتەدا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سنووری راپەڕین بۆ ١٥٠ تووشبوو بەرزبووەتەوە و سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و تەندروستیی بەشێک لەنەخۆشەکان ناجێگیرە .

  

هـ.ر.