بەرپرسێکی ئەمەریکا: ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستی غەززە ڕێککەوتن

سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە دوا قۆناغەکانی هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتن، لەگەڵ شاندێکی بزووتنەوەی حەماس کۆبووەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاش ڕایدەگەیەنێت: لایەنی ئیسرائیل و حەماس لە کۆتاییدا گەیشتنە ڕێککەوتن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانووستانەکان ڕایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان بن جاسم ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە "هاندانی کۆتایی" بۆ پشتگیریی لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل لە غەززە، لەگەڵ شاندێکی حەماس کۆبووەوە.
ئەو سەرچاوەیە کە بەهۆی هەستیاریی دانوستانەکانەوە داوای کردووە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت، گوتی: سەرۆکوەزیرانی قەتەر لە ئۆفیسەکەی خۆی لەگەڵ دانوستانکارانی بزووتنەوەی حەماس کۆبووەوە ئەمەش وەک هاندانی کۆتایی بەرەو ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکان.
ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە
-کشانەوەی تەواو بەرەو سنوور لە تەواوی ناوچەکانی کەرتی غەززە
-کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و کشانەوەی تەواو لە دەروازەکە
-بریندارەکان بۆ چارەسەری بگوازرێنەوە دەرەوەی وڵات
-ڕۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی کە قەتەر سەرپەرشتی دەکات، بگاتە نێو غەززە، لەچوارچێوەی پرۆتۆکۆلی مرۆیی.
200 چادرو 60 هەزار کەرەڤانە بۆ بەهاناوەچوونی بەپەلە بگاتە غەززە.
-گۆڕینەوەی دیلەکان و ئازادکردنی 1000 دیل لە کەرتی غەززە، لەگەڵ سەدان بەندکراو و حومکدراوی هەتا هەتایە و سزای توند.
-پاککردنەوەی زیندانەکانی ئیسرائیل لە سەرجەم ئافرەت و منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵ.
-کشانەوەی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی نەتساریم و بەرەی ڤیلادیفیا قۆناغ بە قۆناغ.
-گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و ماڵەکانیان، لەگەڵ ئازادیی جوڵە و هاتوچۆیان لە کەرتی غەززە.
-هەشت بۆ 10 کاتژمێر ڕۆژانە، نابێت هیچ فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی کەرتی غەززەدا بسوڕێتەوە.
-نۆژەنکردنەوەی تەواوی نەخۆشخانەکان و نەخۆشخانەی گەڕۆکیش دابین بکرێت لەگەڵ تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری لە کەرتی غەززە.
-قۆناغی یەکەم بۆ ماوەی 6 هەفتە بەردەوام دەبێت، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی 33 زیندانی ئیسرائیلی کە هەندێکیان لە ژیاندان و هەندێکیشیان مردوون، ئەمەش لە قۆناغی دووەم و سێیەمی دانووستانەکە 66 زیندانی دیکە کە ماونەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.
- لە ڕۆژی حەوتەمدا ئاوارەکانی باشووری غەززە بەبێ پشکنین دەگەڕێنەوە باکوور، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە شەقامی ڕەشیدەوە دەکشێتەوە بۆ بەرەی نەتزەریم، خەڵکی غەززەش ئازادی هاتوچۆیان دەبێت لە باکوور و باشووری غەززە لە ڕێگەی شەقامی ڕەشیدەوە.