ساڵی ڕابردوو بەرزترین ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە نەجەف تۆمار کراوە

تەنیا لە ساڵی 2024، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای نەجەف دوو هەزار و 300 کەس زیادی کردووە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگاکەش دەڵێن: ئەم ژمارەیە، بەراورد بــە چەند ساڵی ڕابردوو، بەرزترینە.
تووشبوونی ڕۆژانەی خەڵک بە شێرپەنجە جۆرێک مەترسی لەنێو هاووڵاتییانی نەجەفدا دروست کردووە؛ لەلایەکی دیکەوە، سەنتەرە پزیشکییەکان بێتوانان لە وەگرتن و چارەکردنی ئەو هەموو نەخۆشە.
بە گوێرەی ئامارەکان، لە پارێزگای نەجەف تەنیا لە ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە دوو هەزار حاڵەتی نوێی شێرپەنجە تۆمار کراون.
حەیدەر شەبلی، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان لە نەجەف، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ساڵی 2024 ژمارەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەبووە و تۆمارکراون، دوو هەزار و 312 کەس بوونە. بەراورد بە ساڵی 2023 ژمارەکە زیادی کردووە. لەم ژمارانە سەدا 52ـیان خەڵکی نەجەفن و سەدا 48ـی دیکەشیان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەن."
شەبلی ئاماژەی بەوەش کرد: "بەررزبوونەوەی ژمارەی توشبووان بەهۆی زۆریی پشکنینەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانە." گوتیشی: "ساڵی ڕابردوو 46 هەزار دەرزی کیمیاییمان داوەتە نەخۆشەکان."
لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای نەجەف جەخت دەکەنەوە "دۆخەکە پێویستی بە دەستوەردانی بەپەلە هەیە بۆ بەرزکردنەوەی توانای نەخۆشخانەکان و دابینکردنی چارەسەری پێویست و هاوچەرخ بۆ تووشبووانی شێرپەنجە، چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، نرخی تیمارکردن بەرز دەبێتەوە، ئەمەش باری سەرشانی نەخۆشانی شێرپەنجەی قورس کردووە."
کەسوکاری یەکێک لە تووشبووانی شێرپەنجە، بە کوردستان24ـی گوت: "شێرپەنجە پەیوەندی بە ژیان و مردنەوە هەیە، هەر جۆرە دواکەوتنێکی چارەسەرەکان مەترسیی لەسەر ژیانی تووشبووان دروست دەکات. ئەوەی من هەستی پێ دەکەم لێرە دەرمان بە درەنگەوە دەدەن بە نەخۆش، ئەمەش ڕەنگە ژیانی نەخۆشەکان بخاتە مەترسییەوە."
تووشبوویەکی شێرپەنجەش بۆ کوردستان24 باسی لەوە کرد "چارەسەر و دەرمان لێرە کەمە، داوا لە حکوومەت دەکەین دەرمانەکان بەباشی دابین بکات، لەلایەکی دیکەوە نرخی دەرمانەکان لە دەرەوە زۆر بەرزن."