شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە کۆبوونەوەدان

وێنەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم و نوێنەرو کونسوڵی وڵاتان لە هەولێر
وێنەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێم و نوێنەرو کونسوڵی وڵاتان لە هەولێر

پێنجشەممە، 16ـی کانوونی دووەمی 2025، هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە هەولێر لە کۆبوونەوەدان.

ئاماژەی بەوەش کرد " کۆبوونەوەکە لەبارەی یاسای بودجە و ئەو پابەندییانەی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەروەها جێ بەجێ نەکردنی پابەندییەکانی حکوومەتی عێراق لەبارەی بودجە گفتگۆی لەسەر دەکرێت."

گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا، زیاتر لە 23 کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان بەشدارن، سەرەتا سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وردەکارییەکی لەبارەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای بودجە خستە بەردەم کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان. دواتریش وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان باسی گفتوگۆیەکانی لەگەڵ بەغدا کرد، هەروەها باسی لەو ستەمانە کرد کە بەغدا لە هەرێمی کوردستانی دەکات."

هۆشمەند هەروا گوتی: "ئەو داتایانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە خراوەتە ڕوو، بۆ سەر هەردو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوە و خراوەتە بەردەست کونسوڵ و نوێنەرەکان."

باسی لەوەش کرد "چاوەڕوان دەکرێت داوا لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان بکرێت، ڕۆڵیان هەبێت لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت لە جێ بەجێ کردنی یاسای بودجە."

دەشڵێت: "چارەکردنی یەکێک لە کێشە هەرە گرنگەکان، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و هەمواری یاسای بودجەیە، کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراقە و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو پەسەند بکرێت."