جنێودان و بڵاوبوونەوەی ڕق و کینە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەریکە دەبێتە دیاردە

جنێودان و بڵاوبوونەوەی و ڕق و کینە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەریکە دەبێتە دیاردە و چەندین کێشەی لێ کەوتووەتەوە، ڕۆشنبیران و شارەزایان و توێژەران دەڵێن: پێویستە چارەی بەپەلە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی لەوە زیاتر شیرازەی خێزانەکان تێک نەچێت. 

بەهۆی فراوانبوونی تەکنەلۆجیا, ئێستا سۆشیاڵ میدیا لە هەموو ماڵ و شوێنە گشتییەکان بەردەستە و بووەتە بەشێک لە ژیان. ئێستا ئەم خزمەتگوزارییە بووەتە سەرکۆیەک بۆ بڵاوبوونەوەی ڕق و کینەیە جگە لەوەش بوەتە شوێنێک بۆ بڵاوبوونەوەی جنێو و قسەی نەشیاو. شارەزایەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێت: "پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت و سنوورێک بۆ ئەوە دابنرێت."

هاوکار عیزەت میکە، شارەزای بواری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو باباتانە لە میدیادا نییە، ڕاستە هەندێک لە میدیاکان تێوەی گلاون، بەڵام زیاتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بووتە دیاردە." ئاماژەی بەوەش دا "تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە زۆربەی وڵاتان سانسۆر کراون، بۆیە ئاساییە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیر لەو بکاتەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆنترۆڵ بکات، بەمەش دەتوانێت بە ئاسانی پرۆژە یاسای لەپەرلەمان بۆ دەر بکات."

زۆربەی کێشەکان، بەتایبەت کێشە خێزانییەکان، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست بوونە، جگە لەوەش بەهۆی جنێودان لە لایڤەکاندا دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دروست بوون و گیان سپاردنیشی لێ کەوتووەتەوە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت: "پێویستە پەرە بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بدرێت بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردە زیانبەخشانە."

هیوا سەعید، توێژەری کۆمەڵایەتی گوتی: "تاوانی کۆمەڵگەی تێدایە، چونکە دەتوانرێت پێگە نەگونجاوەکان بلۆک بکرێن. کێ پشتیوانیی لەو  کەسانە دەکات؟ هەر کۆمەڵگە خۆیەتی. بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە دەبێت ئاستی بیرکردنەوە و ڕووناکبیریی تاک فراوانتر بکرێت."