هەزاران باڵندەی کۆچەری ڕوو لە گۆماوەکانی نەغەدە دەکەن

بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ دەست پێکردنی وەرزی سەرما لە کوێستانەکانەوە ڕەوی کۆچی باڵندەی کێوی بۆ ناوچە گەرمە سێرەکان دەکەن و لە نێویاندا زیاتر لە 20 هەزار باڵندە کۆچیان کردووە بۆ گۆماوەکانی نەغەدە."
ئەکبەر قایمی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی ژینگەی نەغەدە ڕوونیکردووتەوە، ئەو باڵندانەی بۆ گۆماوەکانی نەغەدە کۆچیان کردووە، بریتین لە فلامینگۆ، چێرک، مراوی خۆڵەمێشی و سپی، هەڵۆی خۆڵەمێشی، نەورەس و چەندین جۆری دیکەی باڵندەی کێوی لە ناوچەکانی باکوورەوە کۆچیان کردووە."
گوتیشی: بەشێکی زۆری باڵندە کۆچەرییەکان وەک ساڵانی ڕابردوو لە گۆماوەکانی سەندوس، دوورگەی بەردی، حەسەنلو و تالیقان نیشتوونەتەوە، کە خواردن و شوێنی مانەوەی باشی بۆ باڵندەکان هەیە، بەڵام بەشێک لە باڵندەکان لە کۆچ بەردەوام دەبن و بەرەو ناوچەکانی باشوور دەفڕن.
ڕاشیگەیاند، لە شارۆچکەی نەغەدە 17 گۆماوی وەرزی و هەمیشەیی هەن، ساڵانە بەهۆی کۆچی وەرزی باڵندەکان بە هەزار باڵندەی کێوی لە خۆ دەگرن، بڕیاریشە لەم نزیکانە ڕووپێوێکی زستانە بۆ باڵندە کۆچەرییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لە دۆخی سەلامەتیان دڵنیا ببنەوە.