سوودە تەندروستییەکانی گۆشتی قاز سەرسوڕهێنەرن

لە چلەی زستاندا خواستی هاووڵاتییان بۆ خواردنی گۆشتی قاز زیاد دەبێت و پزیشکێکی پسپۆری خواردن و گیادەرمانی سروشتیش باس لە سوودەکانی دەکات.

لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما، بازاڕی قاز گەرم بووە و خواست لەسەر گۆشتی ئەم پەلەوەرە زیادی کردووە؛ بەشێك لە هاووڵاتییان لە ڕۆژانی هەینی دا، سەردانی بازاڕی پەلەوەر فرۆشەکان دەکەن و بۆ ئەوەی ژەمێک خوانی تایبەت لەسەر سفرەکانیان ئامادە بێت.

د.بەدر قادر سوورچی، پسپۆڕی خواردن و گیادەرمانی سروشتی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: قاز جگە لەوەی خواردنێکی بە لەزەتە، لەڕووی تەندروستییەوە چەندین سوودیشی هەیە، لەوانە: بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش،  چونکە پڕیەتی زینک و دژه ئۆکسانەکان.

گوتیشی: خواردنی گۆشتی قاز، باشترین چارەسەرە بۆ کەمی ئاسن و کەم خوێنی،  بوونی ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامینی تێدایە.

د.بەدر سوورچی زیاتر باسی لە سوودەکانی خواردنی گۆشتی قاز کرد و گوتی: بۆ تەندروستی دڵ زۆر بە سوودە، چونکە ئومێگا سێ و ئومێگا شەشی تێدایە، کاریگەری لەسەر بەهێزکردنی و بنیاتنانی ماسولکە و بەهێزکردنی ئێسک و جومگەکان هەیە، هاوکات وزە بەخشێکی زۆر باشە بۆ جەستەی مرۆڤ.

گوتیشی: یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی مێشک و دەمارەکان،  باشتر کارکردنی گەدە و کرداری ھەرس کردن، هەروا بە سووده بۆ ئافرەتی دوو گیان و شیردەر، هەموو ئەمانە لە سوودەکانی گۆشتی قازن.

لە هەرێمی کوردستان چەند دەڤەر و ناوچەیەک بەناوبانگن بۆ بەخێوکردنی قاز، لەم وەرزەی ساڵدا بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەری، نرخی کیلۆیەک گۆشتی قاز لە 10 هەزارەوە دەست پێدەکات تا 15 هەزار دینار.