نزیکەی 40 پڕۆژەی پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەولێر جێبەجێ دەکرێن

38 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەولێر دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە کۆمەڵێک پڕۆژەی پیشەسازی و وەبەرهێنانن و پارێزگای هەولێر دەبەنە قۆناخێکی نوێی گەشەسەندن. دەستەی وەبەرهێنان شوێن و جۆری پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دیاری دەکات.

پارێزگای هەولێر بەرەو پەرەپێدانی پڕۆژە پیشەسازی و وەبەرهێنانەکان هەنگاو دەنێت، کە دەتوانن ببنە هۆی دروستبوونی هەلی کاری زیاتر و راکێشانی وەبەرهێنەران بۆ ناوچەکە.

محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانیانە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی پیشەسازی و وەبەرهێنان لە هەولێر. شوکری گوتیشی، پڕۆژەکان جۆراوجۆرن و یەکێک لەوان کارگەیەکی پیشەسازیی تایبەت بە کەلوپەلی ناوماڵ و کەلوپەلی ئەلکترۆنی و کارەباییە، کە لەسەر رێگای کانی قرژاڵە - کەڵەک جێبەجێ دەکرێت.

لە ناوچەی تیمار، دەستەی وەبەرهێنان سەرقاڵی دابینکردنی زەوییە بۆ ئەوەی ژمارەیەک کارگە دروست بکرێن. هاوکات لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشەپێدان، ناوچەیەکی تایبەت بە پیشەسازی قورس لە هەولێر دروست دەکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێن کە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دیاریی کردوون. بەپێی ئەم رێکارە، ئەنجوومەنێک بە سەرپەرشتی پارێزگار کار لەسەر ئەم پرسە دەکات و ئەو پڕۆژانەی بۆ هەولێر دیاریی کراون، 38 پڕۆژەی پیشەسازی و کارگەی جۆراوجۆر و هەروەها پڕۆژە گرنگەکانی بواری وەبەرهێنانن.

ئومێد خۆشناو روونیکردەوە، پڕۆژە پیشەسازییەکان لە ناوچەی پیشەسازیی تیمار دەبن و پاش پەسەندکردن، ئامادەی جێبەجێکردن دەبن.

بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە قۆناخێکی نوێ لە پەرەپێدانی ئابووریی پارێزگاکە دەستپێدەکات، هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان دروست دەکات و هۆکارێک دەبێت بۆ راکێشانی وەبەرهێنەرانی زیاتر و پەرەسەندنی پڕۆژە ئابوورییەکان لە هەولێر.