سیاسییەکان سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن

دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەنگدانەوەی سەرتاسەری هەبوو، ژمارەیەک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی باکووری کوردستان و بیانی سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن و ئەم هەنگاوە بە بەدیهێنانی خواستی گەلی کورد ناو دەبەن.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە بارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا و هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان لە سووریای نوێ دا.
عوسمان بایدەمیر، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نووسیویەتی "ماڵتان ئاوابێت، ئەمە خواستی ملیۆنان کوردستانی بوو، هیوادارین بەردەوام بێت و دەرگای خێر بکاتەوە".
هەروەها، لەیلا زانا، پەرلەمانتاری پێشووی کورد لە تورکیا، بە هەمانشێوە دڵخۆشی خۆیی بۆ دیدارە دەربڕیوە و سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "سوپاس بۆ ئێوە، پیرۆزە و بەردەوام بێت، پێکەوە ژیانی گەلان، بنەمای ئێمەیە، هیوای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستان گەورە کرد".
Spas ji we re…
— Leyla Zana (@leylazanainfo) January 16, 2025
Pîroz û mayinde be!
Hevre jiyana gelan pivana me ye. We hêviya gelên Rojhilata Navîn mezin kir… pic.twitter.com/uclogqboog
هەروەها دەنگدانەوەی دیدارەکە زۆر زیاتر بوون و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی کۆبوونەوەکە، هاووڵاتییان بە بڵاوکردنەوەی وێنەکە کۆمەڵاتییەکانیان تەنی و بە دیدارێکی مێژوویان ناوبرد.
هەروەها ئاراس شێخ جەنگی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی" گەورەیی کاک مەسعود ئەمڕۆ دەردەکەوێ، بڵاوبونەوەی دەنگۆی سەردانی مەزڵووم بۆ لای کاک مەسعود دڵخۆشکەرە بۆ هەموو کورد، ئیتر کاتی ئەوەیە کاک مەسعود ببێت بە برا گەورە بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد".
بێرنارد هێنری لێڤی نووسەر و بیرمەندی فەرەنسی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی"بە یەکگرتوویی کوردەکان بەهێز و نابەزێندرێن، چونکە ئەوان بۆ جیهانێکی ئازاد، نزیکترین و بوێرترین هاوپەیمانن، بژی کوردستان".
United, the Kurds are invincible. And they are, for the free world, the most valiant of allies. Biji Kurdistan! @Justice_4_Kurds pic.twitter.com/nZ93MWxymy
— Bernard-Henri Lévy (@BHL) January 16, 2025
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، بارەگای بارزانی ناوەرۆکی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڵاویکردەوە. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.