مایکل کۆرێلا سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد
فەرماندەی سێنتکۆم لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە کۆبووەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردووتەوە و تێیدا ئاماژەیداوە، جەنەڕاڵ مایکل کۆرێلا، سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی سووریا دیموکرات (هەسەدە) و فەرماندەکانی ئەمەریکا کۆبووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم هاتووە، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕێگری لە خۆرێکخستنەوەی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە کردووە.
سێنتکۆم ئاماژەشی داوە، مایکل کۆرێلا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەردانی کەمپەکانی ڕۆژ و هۆڵ کردووە کە زیاتر لە 40 هەزار ئاوارەی تێدایە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.
هەروەها باسی لەوەشکردووە، هەسەدە پارێزگاری لە چەند زیندانێک دەکات، کە زیاتر لە نۆ هەزار چەکداری داعشی تێدا زیندانی کراوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، سێنتکۆم پشتیوانی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دەکات، هاوکات لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەڵەتی لە پەیوەندی دایە بۆ گواستنەوەی ئاوارەکانی ئەو دوو کەمپە و چەکدارانی داعش بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
ئەم سەردانەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە، کە پرسی بەشداری کردنی هێزە کوردییەکان لە حکوومەتی نوێی سووریا یەکێکە لە سەرەکیترین ئالەنگارییەکان، بە تایبەت داواکارییەکانی تورکیا بۆ چەککردنی و دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
USCENTCOM Commander Visits Syria
— U.S. Central Command (@CENTCOM) January 16, 2025
On 16 January, Gen. Michael Erik Kurilla, commander, U.S. Central Command (CENTCOM), traveled to Syria, where he met U.S. military commanders and servicemembers, as well as our Defeat-ISIS partners, the Syrian Democratic Forces (SDF), to get an… pic.twitter.com/O2Ft3FeeNz