دوای 12ساڵ جارێکی دیکە نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی چۆمان کرا

دوای 12ساڵ لە وەستانی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان، جارێکی دیکە ئەم نەشتەرگەرییە لە نەخۆشخانەکە دەستی پێکردەوە.
ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، ئەمڕۆ هەینی 17کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت": لە ساڵی 2013 ـەوە، جار جارە نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی گشتی چۆمان دەکرا، بەڵام چەند کەم کوڕییەکمان هەبوو، نەمان توانی بەردەوام بین.
گوتیشی: دوێنێ پێنجشەممە، دوای 12ساڵ لە وەستانی نەشتەرگەریی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی گشتی چۆمان، جارێکی دیکە پرۆسەی نەشتەرگەریی دەست پێکرایەوە.
ئەحمەد حەسەن باسی لەوەشکرد، لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان، بەشێوەی بەردەوام چەند نەشتەرگەییەکی دیکە دەکرێن.
گوتیشی: بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین، پێویستیمان بە ستافی زیاتری پزیشکی و تەندروستییە.