مەزڵووم عەبدی: کۆبوونەوەکەم لەگەڵ سەرۆک بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو

مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو".
هەروەها نووسیویەتی"گفتوگۆمان لەسەر پرۆسەی گۆڕانکاری کرد کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت و پێکەوە دووپاتمان کردەوە، کە پێویستە هەڵوێستی کورد لە سووریا یەکگرتوو بێت و دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق دەبێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە مافەکانی گەلی کورد بپارێزرێت".
هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێت: جەختمان لەوە کردووتەوە، کە گرنگی یەکڕیزی کورد و سەقامگیری ناوچەکە بە گشتیی لە بەرپرسیارێتی ئێمەیە و هەموومانە و هاوکاری یەکتر دەبین.
Hevdîtina me li gel serok Mesûd Berzanî cihê kêfxweşiyê bû.
— Mazloum Abdî مظلوم عبدي (@MazloumAbdi) January 17, 2025
Me pêvajoya guhertinê ya ku Sûrîye tê re derbas dibe nîqaş kir û bi hev re li ser wê yekê piştrast kir ku divê helwesta kurdan li Sûrîyeyê yek be û divê dîyaloga li gel Şamê bi awayekî aştîyane mafê gelê kurd biparêze.… pic.twitter.com/V0lhjuZnVz
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، بارەگای بارزانی ناوەرۆکی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڵاویکردەوە. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە، کە پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنەک و بە ڕێکاری ئاشتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و لەپێناو زامنکردنی مافەکانیان بە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستیی هاوبەش لەگەڵ حکومڕانانی تازەی سووریا بگەنە لێک تێگەیشتن و ڕێککەوتن، فاکتەری ئاشتی و سەقامگیری بن و ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەسەر گەلی کورد و پێکهاتەکانی تری سووریادا هاتوونە.