دوو تەقینەوەی بەهێز قامشلۆیان هەژاند

دوو تەقینەوەی بەهێز شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانیان هەژاند، کە یەکێک لە تەقینەوەکان بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بووە.
ئەمڕۆ هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە شاری قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بیستراوە، بە گوێرەی زانیارییەکان، گومان دەکرێت یەکێک لە تەقینەوەکان ئاگرکەوتنەوە و سووتانی تانکی سووتەمەنی بووبێت لە باڵەخانەیەک کە دەکەوێتە گەڕەکی غەربی لە نزیک کەرگەی دروستکردنی بەفر لە ڕۆژئاوای شارەکە، بەڵام تەقینەوەی دووەم دەرکەوتووە کە هێرشێکی درۆنی بووە بۆ سەر هەمان شوێن و هەمان باڵەخانە.
لە دەوروبەری باڵەخانەکە بۆمبارانکراوەکە بنکەی ئاژانسی هەواڵی هاوار و بارەگەی دەستەی بەرگریی شارستانی و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی مەدەنی لە دەوروبەری شوێنەکە هەن و بەر لە تەقینەوەکانیش دەنگی سوڕانەوەی فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە بیستراوە.
هەروەها لە بارەی بوونی ژمارەی قوربانییان و شوێنی بۆمباران کراوەکە، هێشتا ئیدارەی خۆسەر لە قامشلۆ هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.