حوسییەکان: بە مووشەکی 'زولفەقار' وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلمان کردە ئامانج

مووشەکی بالیستی جۆری زولفەقار
مووشەکی بالیستی جۆری زولفەقار

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان ڕایگەیاند: بە مووشەکی بالیستی 'زولفەقار' وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیلمان لە گەڕەکی یافا لە تەلئەڤیڤ کردە ئامانج.

شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بۆ پشتیوانیکردن لە برایانمان لە غەززە و هێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبێت، هەر ئەمڕۆ بە مووشەکی بالیستی جۆری 'زولفەقار'، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە گەڕەکی یافا لە تەلئەڤیڤ کردە ئامانج.

گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، دەڵێت: مووشەکەکە ئامانجەکەی پێکا و سیستەمی بەرگریی ئیسرائیلیش نەیتوانی ڕێگری لێ بکات.

یەحیا سەریع، گوتیشی: ئەگەر ئیسرائیل بەڵێنەکەی بشکێنێت یان هێرشەکانی بۆ سەر غەززە زیاد بکات، ئامادەی هەموو جۆرە بژاردەیەکی پەرەسەندین.

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتە دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.

بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ ئاگربەست کراوە، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە شەش هەفتە دەخایەنێت، تایبەتە بە ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان.