پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن هەمواری یاسای خشتەی بودجەی 2025 پەسەند بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن تێبینیان هەیە.
یەکشەممە، 19ـی کانوونی 2025، د. خەلیل دۆسکی ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بریاربوو کاتژمێر 12 کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر هەمواری یاسای بودجە کۆببێتەوە، بەڵام تاوەکوو ئیستا کۆبوونەوەکە دەستی پێ نەکردووە.
دۆسکی گوتی: "هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن هەمواری یاسای خشتەی بودجەی 2025 پەسەند بکرێت، بەڵام هەندێک لایەن تێبینیان هەیە، چاوەڕوان دەکەین هەموو ئەندامان ئامادەبن.
ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت لێژنەی دارایی کۆببێتەوە و ڕەزامەند بێت، تاوەکوو ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، کە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لەسەر بڕگەی سێ ماددەی 12 لە هەمواری خشتەی بودجەی 2025ـیە کە تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان."
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، "هەندێک لایەن لە یاساکە تێناگەن، ئەوە داوای حکوومەتی عێراق بووە، لەبەرژەوەندی بودجەی گشتی عێراقە، هەروەها ئەو بۆریە نەوتەی بەتورکیا دادەڕوات سزا دێتە سەر عێراق ئەگەر بێت و نەوت هەناردە نەکات."