سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شای ئوردن کۆبوونەوە
جەخت لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی ئوردن و هەرێمی کوردستان کرایەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شای ئوردن گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی فراوانکردن لە بوارە جیاوازەکاندا کرد، هاوکات شا عەبدوڵڵای دووەم سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بارزانی دەربڕی.
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن و لەگەڵ شا عەبدوڵڵای دووەم، شای شانشینەکە کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران و شای ئوردن گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی فراوانکردن لە بوارە جیاوازەکاندا کرا.
هاوکات شا عەبدوڵڵای دووەم، سڵاو و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی دەربڕی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دۆستانەی ئوردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی شانشینی هاشمیی ئوردنی بە ڕێبەرایەتی شا عەبدوڵڵای دووەم بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرز نرخاند.
سەبارەت بە بارودۆخی سووریاش، هەردوولا دووپاتیان کردەوە، ئاسایش و سەقامگیری سووریا، بۆ سەقامگیریی ناوچەکە زۆر گرنگە و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و گەیشتن بە ئاشتییەکی گشتگیر لە سەرتاسەری ناوچەکەدا کردەوە.

