پلاتفۆڕمی تیکتۆک لە ئەمەریکا کارا کرایەوە

دوای وەستانی پلاتفۆڕمی تیکتۆک لە ئەمەریکا، دانیشتووانی وڵاتەکە نیگەران بوون لەوەی کاتێک پلاتفۆڕمەکەیان دەکردەوە بە پەیامێک ئاگادار دەکرانەوە، کە ئیدی تیکتۆک کار ناکات، بەڵام ترەمپ دووبارە ئەمەریکییەکانی دڵخۆش کردەوە.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بەکارهێنەرانی تیکتۆک نیگەرانی و دڵتەنگی دایانی گرت دوای ئەوەی بینیان لە لەلایەن پلاتفۆڕمەکە بە پەیامێک ئاگادار کرانەوە کە ئیدی لە وڵاتەکە کار ناکات، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوو ئێستا پلاتفۆڕمەکە لە پەیامێکدا دووبارە بەخێرهاتنەوەی بەکارهێنەرانی دەکات.

بەهۆی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکاوە، پلافۆڕمی تیکتۆک بۆ ماوەیەکی کاتیی لە وڵاتەکە ڕاگیرا، بەڵام بە بڕیاری ترەمپ ئێستا دووبارە پلاتفۆڕمەکە کارا کرایەوە و ئەم هەوڵەش لەلایەن 170 ملیۆن بەکارهێنەری تیکتۆک پێشوازیی لێ کرا.

هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، دادگای باڵای ئەمەریکا، پەسەندی یاسایەکی کرد، کە بەکارهێنانی پلاتفۆڕمی تیکتۆک لە وڵاتەکە قەدەغە دەکات و  یەکشەممە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

170 ملیۆن کەس لە ئەمەریکا تیکتۆک بەکار دەهێنن و بەهۆی بڕیارەکەی دادگاوە ئیدی وەشانی نوێیان بۆ پلاتفۆڕمەکە پێ ناگات، ئەمەش ناچاریان دەکات پلاتفۆڕمەکە بەکارنەهێنن و لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانیان بیسڕنەوە.

ئیدارەی بایدن، تیکتۆکی بە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا پێناسە کردووە، بەڵام ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو مایک واڵتز، ڕاوێژکاری دەستنیشانکراوی ئاسایشی نیشتمانی لە حکوومەتی داهاتووی وڵاتەکە، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی ڕایگەیاندبوو، ڕەنگە ترەمپ بیر لە بژاردەی هێشتنەوەی تیکتۆک بکاتەوە.