حەماس سەماکارێک و پەرستار و هاندەرێکی توتنهامی ئازاد کرد

لە یەکەم قۆناغی ئاگربەستی غەززە، حەماس سێ بارمتەی ئازاد کرد کە یەکیان سەماکارە و یەکێکی دیکەیان پەرستیارە، لەگەڵ هاندەرێکی تۆتنهام.
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، سووپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئەو سێ بارمتەی لە غەززە ئازاد کران، بە پشتیوانی هێزەکان گەیشتنەوە خاکی ئیسرائیل.
هیچ شتێک دەربارەی بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیل دەزانیت ؟
ڕومی جونین
حەماس ڕومی جۆنینی تەمەن 24 ساڵەی سەماکاری بە بارمتە گرت لە ڤیستیڤاڵی نۆفای میوزیک لە 7ـی ئۆکتۆبەر، جۆنین بۆ چەند کاتژمێرێک لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی، خۆی لە چەکدارەکانی حەماس شاردەوە پێش ئەوەی تەقەی لە دەستی بکرێت.
جۆنین لەگەڵ خێزانەکەی بە تەلەفۆن قسەی دەکرد و دەیگوت "ئەمڕۆ دەمرم"، خێزانەکەشی دوا قسە گوێیان لێبوو، دەنگی یەک لە هێرشبەرەکانی حەماس بوو کە گوتی: ئەو لە ژیاندایە و لەگەڵ خۆمان دەیبەین، لە پەیوەندییەکەش بەردەوام بوون تاکو هێرشبەرەکەی حەماس گەیشتە نێو کەرتی غەززە.
دورون شەتنبەر خێر
ئەو پەرستارە ڤێتەرنەرییەی لە نێو یەک لە ئازادکراوەکان بوو لە دەستی حەماس، دورون شەتنبەر خێری تەمەن 30 ساڵ بوو، چەکدارانی حەماس لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە کیبوتس لە 7ـی ئۆکتۆبەر وەک بارمتە گرتیان، دوای چەند کاتژمێرێکی کەم لە دەستپێکی هێرشەکەی حەماس، دورون شەتنبەر خێری پەیوەندی بە دایک و باوکی کردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە چەکدارانی حەماس گەیشتوونەتە باڵەخانەکەی ئەو، دواتر نامەیەکی دەنگی بۆ هاوڕێکانی نارد و گوتی: گەیشتن، منیان دۆزیەوە.
ئیمیلی دیماری
ئیمیلی دیماری تەمەن 28 ساڵ کە بە بەریتانییەکی ئیسرائیلی ناسراوە، لەنێو ماڵەکەی لە کیبوتس وەک بارمتە کەوتە دەستی حەماس، ئیمیلی لە لەندەن گەورە بووە و هاندەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزییە بۆ تۆپی پێ.
بەپێی قسەکانی دایکی، ئیمیڵی فیشەکێک بەر دەستی کەوتووە، جگەلەوەی پارچەی تەقینەوە بەر پێیەکانی کەوتووە، چاوەکانیشی بەسترابوویەوە تاوەکو گەیەندرایە کەرتی غەززە.