بە بەشداری مەسرور بارزانی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان بەڕێوەدەچێت

55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە داڤۆس، بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەست بە چالاکییەکانی دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بە بەشداری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و دوو هەزار و 500 کەسایەتیی لە بەرپرسان و شاندی وڵاتان، 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بەڕێوە دەچێت.

ئەمە چوارەم ساڵی لەسەر یەکە، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بەشداری کۆڕبەندی داڤۆس دەکات.

کۆڕبەند ئابووریی جیهان، ئەم ساڵ لە ژێر دروشمی هەماهەنگی لە سەردەمی ژیریدا بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە کاتژمێر 6:30 خولەک بە کاتی داڤۆس، واتە کاتژمێر 8:30 بە کاتی هەولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەکە دەست پێ بکات، بە گوێرەی کارنامەی بڵاوکراوەی کۆڕبەندەکە، لە ڕۆژی یەکەمدا سێ چالاکوانی بواری کولتوور و مافەکانی مرۆڤ خەڵات دەکرێن.

لوتکەکە پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە ئەمڕۆ دووشەممەوە تا هەینی 20-24ی کانوونی دووەمی 2025، دەخایەنێت، زیاتر لە 200 مێدیا و کەناڵی جیهانی ڕووماڵی کۆڕ و پانێڵەکانی 55ـەمین کۆڕبەند داڤۆس دەکەن.

ساڵی ڕابردوو لە 54ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، بۆ یەکەمینجار هاوشانی وڵاتانی دیکەی بەشدار لە کۆڕبەندەکە ماڵی کوردی کرایەوە.

ماڵی کوردی لە داڤۆس لە پاڵ هەریەکە لە ماڵی وڵاتانی سعوودیە، ئیمارات، یۆنان، بەلجیکا، هیندستان، ئۆکرانیا، پۆڵەندا و وڵاتانی دیکە کرایەوە و لە ماوەی هەفتەی کۆڕبەندەکەدا پێشوازی لە میوانان و بەشداربووانی کۆڕبەندەکە کرد.

مەبەستی کردنەوەی ماڵی کوردی بۆ سەرنجڕاکێشانی وڵاتان و کۆمپانیا گەورەکانی جیهان بوو، بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان لە کەرتە جیاوازەکاندا وەبەرهێنان بکەن.