ئیسرائیل 90 زیندانی فەڵەستینی کە ئافرەت و منداڵن ئازاد کرد

وێنەی ئەو پاسەی زیندانییەکانی فەڵەستینی تێدابووە
وێنەی ئەو پاسەی زیندانییەکانی فەڵەستینی تێدابووە

ئیسرائیل لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان، یەکەم کاروانی زیندانە فەڵەستینییەکان کە ئافرەت و منداڵن لە زیندانی عوفەری سەربازی ئازاد کرد.

دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی زیندانەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "90 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کراون."

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەی زیندانیانی حەماسەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "لەکاتی پرۆسەی پشکنینی ناوەکانی ناو زیندانەکانی عوفەر، دەرکەوتووە ژمارەی زیندانە ئافرەتەکان کەمترن لەوەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە."

ئاماژە بەوەش کراوە، "پەیوەندی بە نێوەندگیران و خاچی سوور دەکەین، بۆ ئەوەی داگیرکەران پابەند بکەن بەو لیستەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە."

ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە ڕۆژی یەکشەممە، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە یەکەم قۆناغی ڕێککەوتنەکە ئیسرائیل دەبێت زیاتر لە 230 فەلەستینی ئازاد بکات کە لە زیندانەکانیدا سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێککەوتنی ئاگربەست، لە قۆناغی یەکەمیدا، ڕێککەوتنێکی ئاڵوگۆڕی تێدایە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل نزیکەی 1900 زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات، کە 734 زیندانی دوێنێ یەکشەممە، ناوەکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە.

ئەم دەستبەسەرکراوانە لە قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکەدا بە نێوەندگیری قەتەر و ئەمریکا و میسر ئازاد دەکرێن بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە ماوەی 15مانگە لە کەرتی غەززە بەردەوامە.