نێردراوی کوردستان24: ماڵی کوردستان ئەم ساڵ لە داڤۆس جیاواز دەبێت

نێردراوی کوردستان24 لە داڤۆس ڕایگەیاند، کۆڕبەند ئابووریی جیهان بە بەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بەڕێوە دەچێت.

دووشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2025، ئاوارە هەورامی، پەیامنێری کوردستان24، لە داڤۆس، چەند زانیارییەکی لە بارەی کۆربەندی داڤۆس خستەڕوو، ڕایگەیاند، بە بەشداری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی و سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتان و دوو هەزار و 500 کەسایەتیی لە بەرپرسان و شاندی 130 وڵات، 55ـەمین کۆڕبەند ئابووریی جیهان کاتژمێر سێ ئێوارە لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بەڕێوە دەچێت.

پەیامنێری کوردستان24 ڕاشیگەیاند، لە ساڵی 1971 تاوەکوو ئێستا کۆربەندەکە بەردەوامە، مەسرور بارزانی، چوار ساڵە بەشدار کۆربەندەکە دەکات و ماڵی کوردیش دووەم ساڵە لە داڤۆس میوانداری سەرۆک و سەرکردە و شاندی وڵاتان دەکات.

ئاوارە هەورامی، ئاماژە بەوەشدا، لە کۆربەندی داڤۆس باس لە پرسە ئابووری، پیشەسازی و سیاسی دەکرێت، بەڵام بڕیار نادرێت تەنیا پێشنیازی چارەسەر بۆ کێشەکان دەخڕێتە ڕوو. 

هەروەها گوتیشی: لە پەراوێزی داڤۆس، دەرفەت بۆ سەرکردەکان دەرەخسێت بۆ یەکتری بینین و گفتوگۆ کردن، لە ساڵی ڕابردوودا مەسرور بارزانی چەندین سەرکردەی بانگێشتی هەرێمی کوردستان کرد.

لە بارەی ماڵی کوردستان لە داڤۆس، ئاوارە هەورامی ڕایگەیاند، بۆ ئەم ساڵ جیاواز دەبێت و چەندین گەنج و کەسایەتی کورد بەشداری دەکەن و پانێلی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت، هەروەها دەرفەتی زیاتر دەرەخسێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی دیکە.