دۆناڵد ترەمپ وەک 47ـمین سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی خوارد

دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بووە 47ـمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
دۆناڵد ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا کۆمەڵێک بەڵێنیدا، لەوانەش کۆتایی هێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا و کۆتایی هێنان بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا سوێندی یاسایی خوارد و بەرەو کۆشکی سپی بەڕێکەوت کە ناوەندی بڕیاری جیهانە.
دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکدا کە دوای سوێندخواردنی وەک 47ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا خواردی، گوتی: من ئەمەریکا دەخەمە پێشەوە و سەروەری بۆ ئەمەریکا دەگەڕێنێتەوە، سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: ئەمڕۆ سەردەمی زێڕینی ئەمەریکا دەستیپێکرد و کۆتایی بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دادوەری دەهێنین، دەشڵێت:
حکوومەتێکمان هەیە ئێستا ناتوانێت بچووکترین قەیران چارەسەر بکات و بەرگریی لە سنووری وڵاتانی دیکە دەکات، هەروەها حکوومەتێکمان هەیە ناتوانێت سنوورەکان و خەڵکی ئەمەریکا بپارێزێت.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمەریکا بەهێزتر و خۆشگوزەرانتر دەکات و گوتی: دەبێت گەلی ئەمەریکا شانازی بەخۆیەوە بکات، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەمڕۆوە بازرگانانی ماددەی هۆشبەری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنن و دۆخی لەناکاوی لە سنووری باشووری وڵات ڕاگەیاند.
سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دەڵێت: سیستەمی پەروەردەی ئەمریکا وا لە قوتابیانمان دەکات شەرم لە بوونی خۆیان بکەن، گوتیشی:کۆتایی بە سیاسەتی پۆڵینکردنی ڕەگەزی لە دامودەزگاکانی حکوومەت دەهێنم. تەنها دوو ڕەگەز هەیە ئەوانیش نێر و مێیە.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: دەمەوێت کەسێکی ئاشتیخواز و یەکخەر بم. هەر دوێنێ بارمتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازاد کران، دەشڵێت: ئاڵای ئەمەریکا لەسەر مەریخ بەرز دەکەینەوە.