سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: خۆشحاڵین بە ناوی ماڵی کوردستان بەشداریی داڤۆس دەکەین

لە کردنەوەی ماڵی کوردستان لە داڤۆسی سویسرا، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: خۆشحاڵین بۆ دووەم ساڵ بەناوی ماڵی کوردستان بەشداریی  کۆڕبەندی ئابووری جیهان دەکەین لە داڤۆس.

دروستکردنی ماڵی کوردستان

دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس گوتی: زۆر خۆشحاڵین  بەناوی ماڵی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندی ئابووری جیهان دەکەین لە داڤۆس، چەندین ساڵە بەشداریی ئەو کۆڕبەندە دەکەین، گوتیشی: ئەمە دووەم ساڵە ماڵی کوردستانیمان لە داڤۆس دورست کردووە.

سەرۆک وەزیران  سوپاسی ئەوانەی کرد ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی ماڵی کوردستان لە داڤۆس، بەتایبەتی خالید خۆشناو کە ئەرکی کێشاوە بۆ دروستکردنی ماڵەکەی بووەتە جێیەک بۆ خەڵکی کوردستان، سەرۆک وەزیران هیوای خواست هەرێمی کوردستان ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە بۆ ئەوەی بتوانن پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرەپێبدەن.

یادی پێشڕەو دزەیی دەکەین

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: جێی خۆیەتی لێرە یادی برای شەهیدمان، شەهید پێشڕەو دزەیی بکەین کە پار ساڵ بەنیاز بوو لەگەڵ ئێمە بەشدار بێت، بەڵام بەهۆی ئەو چەند گرفتێک هاتە پێشی، نەیتوانی بەشدار بێت، کەچی بەداخەوە بەشێوەیەکی ستەمکارانە شەهید بوو، ئێمە یادی بەرز ڕادەگرین و خۆشحاڵم ئەمساڵ کاک ڕۆژی کوڕی شەهید پێشڕەو دزەیی لەگەڵ ئێمە بەشدارە، پشتیوان بەخوای گەورە شوێنی شەهید پێشڕەو دزەیی باوکی پڕ دەکاتەوە.

ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە بۆ ئەمەریکا

سەرۆک وەزیران گوتی: بۆ ئەمریکا ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، پێش چەند سەعاتێک سەرۆک ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و بە فەرمی بووە سەرۆکی ئەمەریکا،

لێرەوە بەناوی هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆک ترەمپ دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە گەڕایەوە کۆشکی سپی و بووەوە سەرۆک کۆمار، هیوادارین بتوانین پەیوەندییەکانی ستراتیژی خۆمان لەگەڵ ئەمەریکا پەرە پێ بدەین و وەکو هاوپەیمانێک بەردەوام بین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە پەرەپێ بدەین و بیپارێزین، هیوادارین ئەمەریکاش زیاتر یارمەتی ئێمە بدات لە عێراق و بەتایبەت لە کوردستان لە پاراستنی هەرێمەکەمان، هەروەها  لە ڕووی پێشخستنی ئابووری هەرێمەکەمان.

خەڵکی ئێمە چاوەڕێیە بزانێت ئەو گۆڕانکارییە بەرەو کوێ دەچێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە بارودۆخی ناوچەکە کرد و گوتی: چەندین بابەتی گرنگ ئێستا لە ناوچەکە هەن و گۆڕانکاری خێرا لە ناوچەکە ڕوودەدەن، وەک ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا بووە، ئەمە وای کردووە خەڵکی ئێمە چاوەڕێ بێت بزانێت ئەو گۆڕانکارییە بەرەو کوێ دەچێت، ئێمە هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە کێشەکان تێوە نەگلێین، بەڵام ئەگەر بتوانین ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینین لە باشترکردنی سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکە، ئێمە درێخی ناکەین و هەر لەو ڕوانگەیەوە چەندین دیدار و سەردانمان کردووە بۆ وڵاتانی دەورووبەری دراوسێی عێراق، لەوەی ئێمە بتوانی ڕۆڵێکی خێر بگێڕین لەوەی کە ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکە بمێنێت و  خوانەخواستە کێشە و گرفتەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی ئێمە نەکات.

هیچ شتێک باشتر نییە لەوەی ئێمە لە کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ و یەکڕیز بین

سەرۆک وەزیران هیوای خواست ئەو گۆڕانکاریانەی هەیە لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکە بێت، سەرۆک وەزیران گوتیشی: خۆمان ئەوەی پێمان دەکرێت بیکەین وەکو هۆکارێکی خێر بۆ خۆمان، بەشێک بین لەو گۆڕانکارییە باشانەی کە پێویستە لە ناوچەکەدا ڕوو بدەن، هیچ شتێک باشتر نییە لەوەی ئێمە لە کوردستان یەکهەڵوێست و یەکدەنگ و یەکڕیز بین، هەوڵی جددی هەیە لەنێو  کوردستان کە ئێمە بیر و بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک بکەینەوە، بەڵام لە سووریاش لەسەر بانگهێشتی سەرۆک بارزانی، بەڕێز مەزڵوم عەبدی سەردانی هەولێری کرد، هەروەها  لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستان لە سووریا قسەی کردووە کە، بەیەکەوە بتوانن یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بنوێنن، هاوکات بە یەکەوە داوای مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن، ئێمە هیوادرین بگەنە ئەنجامێک لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە سووریا، بەڵکو خەڵکی کوردستان لە ڕۆژئاوا بە مافە ڕەواکانی خۆیان بگەن، بەڵکو بتوانین دۆخێکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان لە ناوچەکە دروست بکەین.

جەخت لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی دۆخی ناوخۆی عێراق گوتی: ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گەڕایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جددی لە بەغدا دەکرێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت، گوتیشی: جەخت لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە هەمووی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، سەرۆک وەزیرانی سوپاسی سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کرد کە هەموویان هاوکار و پشتیوان بوون لەوەی بتوانن گفتوگۆی باش ئەنجام بدەن. سەرۆک وەزیران دەڵێت: چاوەڕێی ئەوەین گفتوگۆکان بکرێن بە کردار، چیتر بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەبێتە کیشەی نێوان هەولێر و بەغدا. هه‌روه‌ها ئومێدی خواست کە ئەمساڵ ساڵێکی باش بێت بۆ خەڵکی کوردستان و له‌م باره‌وه‌ گوتی: بوونی ئێوە لێرە، دەکرێ زۆر کاریگەر بێت لەوەی ئێمە چیتر تەنیا چاومان لەوە نەبێت مووچە ببێتە تەنیا سەرچاوەی داهات لای خەڵکی کوردستان، بەڵکو بەهۆی بوونی ئێوە و کەرتی تایبەت کە بەشێکی سەرەکی سیاسەت و ئەجێندای حکوومەتی ڕابردوو و هیوادارم هی داهاتووش بێت، کەرتی تایبەت ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی بگێڕێت لە پێشخستنی ئابووری و ژێر خانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و عێراق، هیوادارین هەرێمی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو پێشتر بچێت و ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی هەموو عێراق بووژانەوەی ئابووری بەخۆیەوە ببینێت، هیوادارم لەو کۆڕبەندە بتوانن پەیوەندیی باش لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دروست بکەن، وا بکەن وەبەرهێنانی زیاتر لە کوردستان بکەن.