کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس دەست پێ دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، کارەکانی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس دەست پێ دەکات، کلاوس شواب دامەزرێنەری کۆڕبەندی داڤۆس گوتاری بەخێرهاتن پێشکەش دەکات

ئەمڕۆ کاتژمێر 12:30 خولەک بەکاتی هەرێمی کوردستان، کڵاوس شواب دامەزرێنەری کۆڕبەندی داڤۆس گووتاری بەخێرهاتن پێشکەش دەکات، دوای شواب هەریەکە لە ئۆرسۆلا ڤۆندێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا و دینگ چیچیانگ جێگری سەرۆک وەزیرانی چین گوتاریان دەبێت.

هەر لەدرێژەی بەرنامەی کاری ئەمڕۆی لوتکەی داڤۆس، بڕیارە کاتژمێر چوار بەکاتی کوردستان، ئۆلاف شۆڵز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا پانێڵێکی هەبێت، دوای ئەویش ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گوتارێک پێشکەش دەکات.

دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025, مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس، لە ڕێوڕەسمێکدا (ماڵی كوردستان)ـی كردەوە و ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارین لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس.