مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە  وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات.

سێشەممە، 21-01-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پیرۆزبایی لە مارکۆ رۆبیۆ کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکوو وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا. 

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمەریکا نووسیویەتی: "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەوەم کە پێکەوە کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و پێشخستنی هاوبەشی ستراتیژیی کوردستان و ئەمەریکا."

 

 
 
 
 
 
 
 

 

ڕۆژی دووشەممە، 20-01-2025، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا بە دەنگی زۆرینە مارکۆ رۆبیۆی وەک وەزیری دەرەوە لە کابینەی دۆناڵد ترەمپ پەسەندکرد، بەم شێوەیە رۆبیۆ وەکو یەکەمین وەزیر لە ئیدارەی نوێ دەستبەکاردەبێت.

روبیۆ، بە دۆستێکی نزیکی گەلی کورد دادەنرێت. ئایاری ساڵی 2016 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایش کۆ بووەوە.

مەسرور بارزانی ساڵی 2016 لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ روبیۆ، باسی لەوە کردبوو "گفتوگۆیەکی باش"ـیان هەبووە و باسیان لە داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان – ئەمەریکا، شەڕی داعش و ئازادکردنی مووسڵ کردووە.

ئەو سیناتۆرەی کۆمارییەکان، بە درێژایی شەڕی داعش پشتیوانێکی سەرسەختی هێزەکانی پێشمەرگە بووە و بەردەوام داوای لە ئیدارەی ئەو کاتی ئەمەریکا دەکرد، هێزەکانی پێشمەرگە پڕچەک بکات. 

روبیۆ پێشتر چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە "دەبێت بۆ پشتیوانیکردنی کورد ستراتیژمان هەبێت".