عەلیێڤ، مەسرور بارزانی بانگهێشتی ئازەربایجان دەکات

سەرۆکی ئازەربایجان لە پلاندایە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات

سەرۆک کۆماری ئازەربایجان، ئیلهام عەلیێڤ خۆشحاڵی خۆی بە دیداری مەسرور بارزانی دەربڕی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی ئازەربایجان کرد و ڕاشیگەیاند، لە بەرنامەیدایە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. 

لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2025، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.

لەو دیدارەدا، سەرۆک ئازەربایجان خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان ئازەربایجان و گەلی کورد کرد، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی ئازەربایجان کرد.

ئیلهام عەلیێڤ ڕاشیگەیاند، لە بەرنامەیدایە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها ئامادەییشی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان باکۆ و هەولێر دەربڕی.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگیی کۆماری ئازەربایجانی کرد و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.