شاندێکی حکوومەتی هەرێم بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان سەردانی بەغدا دەکات

شاندێکی حکوومەتەی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمەکە، بۆ مەبەستی یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە سەردانی بەغدا دەکات.

سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری وەزارەتەکە و دڵسۆز جلال حسین، سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکان، سەردانی بەغدا دەکات.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، وا بڕیارە شاندەکە لە ڕۆژانی 22 و 23ـی ئەم مانگە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق کۆببێتەوە بۆ بە دواداچوونی دۆسیەی و چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە.

هەر ئەمڕۆکە دڵسۆز جەلال، سکرتێری بۆردی تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی  منداڵە ونبووەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: سبەی چوارشەممە 22ی کانوونی دووەمی 2025، بۆردی تایبەتی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە، بە سەرۆکایەتی وەزیری شەهیدان و ئەنفاڵکراوان دەچێتە بەغدا، بۆردەکە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ، تەندروستی، کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێـمی کوردستان پێکهاتوون.

گوتیشی: لە سەردانەکە کۆبونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و باڵیۆزی ئێران لە بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی پرۆسەی بەدواداچوون لە کەیسی منداڵە ونبووەکان خێراتر بکەین، چونکە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری منداڵی ونبوو چارەنووسیان نادیارە.