ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە

شاندی دەم پارتی جارێکی دیکە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کۆدەبێتەوە و درێژە بە گفتوگۆکانی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەدەن. 

هەر چەندە وەزارەتی دادی تورکیا بە فەرمی ڕاینەگەیاندووە، بەڵام ئاژانسەکانی نزیک لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-01-2025، شاندێکی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەن و لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆدەبنەوە. 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئامانجی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان، درێژەدانە بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان. 

دوێنێ سێشەممە، 21-01-2025، سرری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا؛ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای دیداری دووەم کە بڕیارە ئەمڕۆ بکرێت، لە ئاییندەدا دیداری سێیەمیشیان لەگەڵ ئۆجەلان دەبێت و دوای ئەوە، نەخشەڕێگەی ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەخەنە ڕوو. 

ڕۆژی دووشەممە، 20-01-2025، شاندێکی دەم پارتی سەردانی وەزارەتی دادی تورکیای کرد بە مەبەستی پێشکەشکردنی داواکارییەک بۆ دووبارە چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان لــە زیندانی ئیمرالی و تاوەکوو ئێستە وەزارەتەکە بە شێوەیەکی فەرمی وەڵامی داواکەی نەداوەتەوە. 

یەکەم کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان کە لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک هاتبوو؛ ڕۆژی شەممە،  28ی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوە چوو و دواتر ئەو پارتە کوردییە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی دیدارەکەیان بۆ ڕای گشتی خستە ڕوو کە لە چەند خاڵێک پێک هاتبوو. 

لەو دیدارەدا، ئۆجەلان ڕایگەیاند "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ، چونکە سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."

دوای دیدارەکە، شاندەکەی دەم پارتی بۆ خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان؛ بە جیا لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کۆ بوونەوە. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانیش، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیان کردەوە، هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئەرێنی بووە.