نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سێ ڕۆژدا زیاتر لە دوو هەزار بارهەڵگری هاوکاری گەیشتوونەتە غەززە

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی حەماس و ئیسرائیل ڕۆژانە سەرووی 600 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگەیەنرێتە غەززە، بەرپرسی گەیاندنی هاوکارییەکانی بۆ کەرتی غەززە، دەڵێت: لە سێ ڕۆژدا نزیکەی دوو هەزار و 400 بارهەڵگر گەشتوونەتە غەززە.
موهەنەد هادی، بەرپرسی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەرتی غەززە، ڕایگەیاند، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززە تاوەکوو ئیستا دوو هەزار و 442 بارهەڵگری هاوکاری گەیەندراوەتە ئەو شارە.
هەروەها نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە و لە سێیەم ڕۆژیی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، 897 بارهەڵگری هاوکاری مرۆیی گەشتوونەتە ئەو کەرتە، هاوکات ڕۆژی یەکشەممەش 630 بارهەڵگر و ڕۆژی دواتریش 915 بارهەڵگری دیکە هاوکاریییەکانیان گەیاندووەتە خەڵکی غەززە.
لە 19ی کانوونی دووەمی 2025، حەماس و ئیسرائیل بە نێوەند گیری ئەمەریکا و میسر و قەتەر ئاگربەستی شەڕیان لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، بە گوێرەی ناوەرۆکی ئاگربەستەکە، لە ماوەی شەش هەفتەی ڕاگرتنی شەڕ، ئیسرائیڵ ڕۆژانە ڕێگە بە 600 بارهەڵگر دەدات هاوکاریی مرۆیی دەدات، دەربازی کەرتی غەززە بن، لە نێویاندا 50یان تانکەری نەوتن .