لە چیای هەڵگورد پێنج شاخەوان بێ سەروشوێن بوون
لە چیای هەڵگۆرد لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی تێکچوونی کەشوهەوا و کڕێوەوە پێنج شاخەوان کە خەڵکی پارێزگای دهۆکن ونبوون و تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە هەڵمەتێکی فراواندان بۆ دۆزینەوەیان.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، رەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵی بەرگریی شارستانیی سۆرانەوە کراوە و ئاگادار کراونەتەوە لەوەی گروپێکی شاخەوانی لە حەوت کەس پێکهاتوون و خەڵکی پارێزگای دهۆکن، بە مەبەستی شاخەوانی و گەشت سەردانی چیای هەڵگۆردیان کردووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران روونیشی کردەوە، بەهۆی دروستبوونی تەمومژ و کڕێوە و خراپیی کەشوهەوا لە لووتکەی چیاکە، پێنج کەس لە ئەندامانی ئەو گروپە شاخەوانییە رێگەیان لێ تێکچووە و ونبوون، کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
دەربارەی هەوڵەکانی ڕزگارکردنیش، هاودیانی ئاماژەی بەوە کرد کە دەستبەجێ پێنج تیمی بەرگریی شارستانی بە سەرپەرشتیی کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگریی شارستانیی چۆمان گەیشتوونەتە ناوچەکە و، گەڕان و پشکنینی چڕ لە نێو بەفر و تەمومژدا بەردەوامە بۆ دۆزینەوە و بەهاناوەچوونی شاخەوانەکان.
چیای هەڵگورد، دەکەوێتە شارۆچکەی چۆمان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، بە بەرزی 3607 مەتر لە ئاستی دەریا بە بەرزترین چیا لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە دووەم بەرزترین چیا و کوێستانی ناوچەکە هەژمار دەکرێت. هەروەها یەكێکە لە کوێستانە سەخت و زۆر ساردەکان و تەنانەت لە وەرزی هاوینیشدا بەفری تێدا دەمێنێت، ئەو بەفرەشی دەتوێتەوە بوونەتە رووبار و دەریاچەی بچووکی گەشتیارەی هاوینە. بەهۆی سەختیەکەیەوە، سەرکەوتن و گەشت و کەمپینی شاخەوانە لە چیای هەڵگورد پێویستی بە رێبەری تایبەت و شارەزای شاخەوانییەوە هەیە.