ئافرەتێکی کورد 34 ساڵە جلوبەرگی رەسەنی کوردی کۆدەکاتەوە
شێوەکار، دیزاینەر و توێژەری کورد، نەڤین رەشان گونگۆر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، پەردە لەسەر پڕۆژە مێژووییەکەی لەبارەی کۆکردنەوە و نەخشاندنی پۆشاکی ئافرەتانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان لادەدات؛ هاوکات وەڵامی وردی سەرجەم ئەو پرسیارانە دەداتەوە، تایبەتن بە سەرچاوەکانی کارەکەی.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، نەڤین رەشان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم پڕۆژەیەی کاری لەسەر کردووە، رەنگدانەوەی هێڵە خۆجێیی، نەتەوەییەکان و پۆشاکی نەریتیی ئافرەتانی کوردە بە درێژایی مێژوودا لە سەرتاسەری کوردستاندا.
نەبوونی سەرچاوە و کێشانی زیاتر لە 200 تابلۆی دەستی
ئەو شێوەکارە دەربارەی رێژە و وردەکاریی کارەکانی بۆ کوردستان24 روونی کردەوە، کاتێک دەستی بەم کارە کرد لە مێژوودا هیچ سەرچاوەیەکی ئامادەکراو لەسەر شێوازی مۆدە و پۆشاکی کوردی لەبەردەستدا نەبوو، بۆیە بڕیاری دا هەموو وردەکارییەکان لە شێوازی بەستنی سەرپۆشەوە تا پۆشاکی ژێرەوە، سەرەوە، گۆرەوی، ئێکسسوارات و خشڵ بە دەست بکێشێتەوە. تەنانەت ئامێر و دەزگاکانی رستن و چنین و تەکنیکی قاڵب دەرهێنانی پۆشاکیشی کێشاوە.
بە گوتەی نەڤین ڕەشان، لە کەتەلۆگەکەیدا ئەم تابلۆیانە بە قەبارەی (40 بە 50 سم)
بەڵگەنامە کراون:
- 75 جۆری جیاوازی پۆشاکی ژنان.
- 93 شێوازی بەستنی سەرپۆش و لەچک.
- 13 وێنەی تایبەت بە ئێکسسوارات.
- 48 پارچە خشڵ و زێڕ و زیوی نەریتی بە شێوەی تاک بە تاک.
- دەزگاکانی چونین و قاڵبی بڕینی پۆشاک، کە ئێستا سەرجەمیان لە لای خۆی پارێزراون.
سەرچاوە مێژووییەکان؛ لە سۆڤیەتەوە تا شەرەفنامە و ئەلجەزەری
دەربارەی پاشخانی ئەکادیمی و سەرچاوەکانی، نەڤین رایگەیاند، خۆی بڕوانامەی لە بواری ستایلیست و دیزاینی مۆدەدا بەدەستهێناوە و لەو بوارەدا کاری کردووە. لە ساڵی 1992 دوای ئەوەی لە کارەکەی جیا بووەتەوە، پرسیاری ئەوەی لا دروست بووە بۆچی کار لەسەر پۆشاکی ئافرەتانی گەلەکەی نەکات، بۆیە دەستی بە کۆکردنەوەی ئەرشیف کردووە و سوودی لەم سەرچاوە جیهانی و مێژووییانە وەرگرتووە:
1. کتێبی ناوازەی "کوردستان وڵاتی ئەفسانەکانە" کە لە یەکێتیی سۆڤیەت لەلایەن 5 بۆ 6 پرۆفیسۆر و ئەکادیمیستەوە ئامادە کرابوو و یەکەمین نەخش و کێشراوی پۆشاکی کوردیی لەخۆگرتبوو.
2. کتێبی *"کوردستان"*ـی فۆتۆگرافەری بەناوبانگ سوزان مەیسێلاس (Susan Meiselas).
3. بەرهەمی "پۆشاکی عوسمانی" (Elbise-i Osmaniye) لە نووسینی عوسمان حەمدی بێگ.
4. تابلۆ و نەخشەکانی شەرەفخانی بەدلیسی لەسەر سەردەمی میرنشینە کوردییەکان.
5. کتێبی مینیاتۆری ئەلجەزەری کە لە ئەورووپا چاپ کراوە.
6. ئەرشیفی فۆتۆگرافەرێکی خەڵکی دیاربەکر کە وێنەی نەخش و مۆتیڤی مزگەوت، ماڵ، فەرش، بەڕە و قوماشی لە چوار پارچەی کوردستان بەڵگەنامە کردبوو.
7. وێنە مەیدانییەکانی خۆی کە بە گەڕان بەنێو گوندەکان، ئاهەنگەکانی بووکگواستنەوە و بەسەرکردنەوەی خەڵک تۆماری کردبوون.
پێشانگەکان و بەڵگەنامەکردنی بەردەوام لە 1992ـەوە
نەڤین رەشان باسی لەوە کرد، بەو پێیەی شێوەکار بووە، لە زۆر ناوچەی جیاوازی کوردستان پێشانگەی کردووەتەوە. هەر لە ساڵی 1992ـەوە لە تەواوی دەزگاکانی راگەیاندن، تەلەفزیۆن و چاوپێکەوتنەکاندا بەردەوام باسی ئەم پڕۆژەیەی کردووە و وتار و بەڵگەنامەی لەسەر کۆکردووەتەوە تا بتوانێت ئەرشیڤێکی نیشتمانیی بێ کەموکوڕی دروستبکات.
"کوردستان لای من یەکە"؛ ئەرشیفی کوردستانی سوور و یەریڤان
ئەو خاتوونە شێوەکارە جەختی لە یەکپارچەیی خاکی کوردستان کردەوە و گوتی "کوردستان لای من یەک پارچەیە و هیچ بەشێکی لەوی دیکە جیاواز نییە؛ هەر لەبەر ئەوەش تەنانەت لە 'کوردستانی سوور'یشەوە کار و نەخشم کۆکردووەتەوە". هەروەها سوپاسی خاتوو جەمیلە جەلیل (Cemîla Celîl)ی کرد لە شاری یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا، کە ئەرشیفە دەوڵەمەندەکەی بنەماڵەکەی بۆ ئەم پڕۆژەیە خستووەتە خزمەتی.
گەڕان لە مۆزەخانەکانی 5 دەوڵەت و کاروانێکی 34 ساڵە
سەبارەت بە ماوەی پڕۆژەکە، ڕەشان ئاشکرای کرد کە بیرۆکەکە لە 1992ـەوە لای دروست بووە، بەڵام کێشانی تابلۆکان بە تەنیا 3 ساڵی خایاندووە. لە ساڵی 1996 لە سەنتەری کولتووریی "مێدکۆم" (Med-Kom) لە ئیستەنبووڵ یەکەمین پێشانگەی کردووەتەوە، بەڵام کاتێک بینیویەتی داتای مێژوویی کەمە، دەستی بە توێژینەوە لە مۆزەخانە، گۆزە و پەیکەرە دۆزراوەکانی هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان کردووە. لەو پێناوەشدا سەرچاوەکانی وڵاتانی وەک سوید، فرەنسا، ئیسرائیل، روسیا و ئەمریکای بەسەرکردووەتەوە و پڕۆژەکە بەرهەمی 34 ساڵ کۆششە.
لە خەونی پۆدیۆمەکانەوە تا بانگەواز بۆ دامەزراندنی مۆزەخانەی نیشتمانی
نەڤین رەشان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ کوردستان24 باسی لەوە کرد، خەونی سەرەتایی ئەوە بووە پۆشاکی کوردی بگەیەنێتە پۆدیۆمە جیهانییەکان و لەبەری مانکنەکان بکرێت؛ لەو بارەیەشەوە نامەی بۆ کەندال نەزان (سەرۆکی ئینستیتوتی کوردی لە پاریس) ناردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیمکانیاتی دارایی نەکراوە. هاوکات دڵخۆشیی خۆی دەربڕی کە ئەمڕۆ دیزاینەرانی وەک لارا دزەیی لە میلانۆ بە شێوازێکی مۆدێرن پۆشاکی
کوردی دەگەیەننە ناوەندە جیهانییەکان.
هەروەها سوپاسی هاوڕێکەی "سەیدا گۆیان"ی کرد لە باشووری کوردستان هاوکاری بووە و لەلایەن خۆیەوە مۆزەخانەیەکی تایبەتی دروست کردووە، بەڵام رەشان جەختی کردەوە "مۆزەخانە تەنیا پڕۆژەیەکی کەسی نییە، بەڵکو پڕۆژەی دەوڵەت و نیشتمانە. پەیامم بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو تاکێکی نیشتمان ئەوەیە: با هەموومان پێکەوە کەمپینێک رابگەیەنین بۆ کۆکردنەوەی ئەو جلوبەرگ، پێڵاو و خشڵە رەسەنانەی لە سندووقی دایک و باپیرانماندا وەک یادگاری ماونەتەوە، تا لە مۆزەخانەیەکی گەورەی نیشتمانیدا بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزرێن".
پڕۆژەی "ناودارانی کورد" و بەخشینی هەموو تابلۆکان بە سلێمانی
ئەو شێوەکارە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، لە کارە هونەرییەکانیدا هەمیشە میتۆلۆژیا، مێژوو و جینۆسایدەکانی کوردی تۆمار کردووە، بەڵام لە باکووری کوردستان هەستی بەوە کردووە کە گەنجان لە مێژووی نەتەوەکەیان دابڕاون و مێژووی نەتەوەکانی دیکە باشتر دەزانن؛ بۆیە لەگەڵ هاوژینەکەی کاری لەسەر کتێبی "ناودارانی کورد" (Navdarên Kurd) کردووە و پۆرترێت و ژیاننامەی کەسایەتییە ناودارەکانی کێشاوە.
هەروەها رایگەیاند بۆ داهاتوو زۆر خەون و پڕۆژە لە دڵمدایە و ئەگەر بەسەر کێشەی تەندروستیمدا زاڵ ببم بێگومان کاری نوێ دەکەم". لە کۆتاییشدا گوتی "لە ناخی دڵمەوە هیوای ڕۆژانی باش و سەرکەوتن بۆ تەواوی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەخوازم”.


