دەم پارتی: ئۆجەلان کار بۆ قۆناغی نوێی ئاشتی دەکات

پێنجشەممە، 23-01-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەرۆکی دووەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا لەگەڵ ئۆجەلان هەڵسەنگاندنێکی تێروتەسەل بۆ کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی و پارت و لایەنە سیاسییەکان کراوە.
دەم پارتی باسی لەوەش کردووە، ئۆجەلان لەبارەی قۆناغی نوێی ئاشتی کاردەکات و دوای تەواوبوونی ئامادەکارییەکان، بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنێن.
دەم پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک دەم پارتی کاردەکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکان بەردەوام دەبێت، لەگەڵ بوونی پێشهاتی نوی، ڕای گشتی ئاگەدار دەکەنەوە.
دەم پارتی ڕوونیشی کردووەتەوە، قۆناغی ئێستە دەبێتە مایەی ئەوەی هەموو لایەک بە پێکەوەیی و ئازادانە بژین، بۆیە چاوەڕێن تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای تورکیا پاڵپشتیی خۆیان پیشان بدەن.
لەلایەکی دیکە ئۆجەلان پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی قوربانییانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی بۆڵو کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) گەیشتنە دوورگەی ئیمڕاڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ دووەم جار کۆبوونەوە. دیدارەکە چوار کاتژمێری خایەند.
یەکەم سەردان و دیداری شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 28ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بوو، دوای ئەو سەردانە راگەیەندراوێکی 7 خاڵی بڵاوکرابوویەوە، گرنگترین خاڵی ناو ئەو ڕاگەیەندراوە، بەهێزکردنی برایەتیی نێوان کورد و تورک بوو.